بارزانی: هەرێم بە بایەخەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ ئێران دەڕوانێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانێت.
نێچیرڤان بارزانی لە دیداری ڕەزا رەحمانی، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژاوا وتی: هەرێمی کوردستان خوازیارە لە هەموو بوارەکاندا برەوی زیاتر بە پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی هاوبەش بدرێت. ڕەزا ڕەحمانیش جەختی کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و ئاسانکاری لە دەروازە سنوورییەکاندا. پاریزگاری ئازەربایجانی ڕۆژاوا ستایشی ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییە هاوبەشەیشی کرد کە لەگەڵ پارێزگای هەولێر هەیانە، بەتایبەت ئەو رێککەوتنانەی بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئاسانکاری لە دەروازە سنوورییەکان و هاتوچۆی گەشتیارانی ئایینی بۆ باشووری عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە واژۆ کراون. لەم دیدارەدا چەندین بیرۆکە و پێشنیاز بۆ باشترکردنی جووڵەی بازرگانی و هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکان خرانە بەر لێکدانەوە.