بەغدا و هەرێم لەسەر سیستەمی "ئەسیکۆدا" ڕێککەوتن
وەزارەتی بارزگانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێم و بەغدا کۆبونەتەوە و ڕێکەوتن لەسەر سیستەمی "ئەسیکۆدا" کرا کە لە ڕابردو یەکێک بووە لە کێشە و ناکوکیەکانى نێوان هەردولا، دەشڵێت، "لەگەڵ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە، کۆمپانیاکانى کوردستان بە گشتى دەتوانن وەک کۆمپانیاکانى عێراق کارى بازرگانى بەشێوەیەکى ئاسایی و یاسایی بکەن".
وەزارەتی بازرگانی هەرێم بڵاویکردەوە، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراق و سامى سودانی ڕاوێژکارى سەرۆک وەزیرانى حکومەتى عیراق کۆبونەوە بۆ چارەسەری چەند کێشەیەک کە لەنێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی کۆمپانیاکانەوە هەبون.
یەکێک لەو بڕیارانە کە لە کۆبونەوەکەدا درا و ڕێکەوتنی لەسەرکرا سیستەمی "ئەسیکۆدا" بوو، کە ئەم سیستەمە لەماوەکانى ڕابردو یەکێک بوو لە کێشە و ناکوکیەکانى نێوان هەردولا و بازرگان و کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان باجى ئەو ناکۆکیانەیان دەدا و راستەوخۆ کاریگەرى خراپى بۆ سەر دۆخى بازاڕ و بازرگانى و ئابورى کوردستان هەبوو.
سیستەمێکە کە بەکاردێت بۆ ڕێکخستنی کارەکانی گومرگی لە ڕێگەی ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەدواداچون و شیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت، بە تایبەت ئەگەر زیادبوون هەبێت.