بەرپرسێکی یەکێتی: پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکناهێندرێت
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک ناهێندرێت و لەئێستادا یەکێتی و پارتی ناکۆکن لەسەر پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ. دەشڵیت، "ساردییەک کەوتوەتە نێوان هەردو حزبەوە، بەڵام لە حکومەتی نوێدا یەکێتی هاوبەش دەبێت لە دەسەڵات و حکومڕانی نەک بەشدار".
د. مەجید محەمەدئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەرێم بەشێکی سیاسیەیە و بەشەکەی دیکەش گرفتەکانی بەردەم دابەشکردنی پۆستەکانە.ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا ساردی کەوتوەتە نێوان هەردولایان، ئەوەش لەسەر هەڵوێستی پارتی دەوەستێت کە یەکێتی تا چ ئاستێک بەرەو ڕوی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بڕوات. بەڵام بۆ ئەمجارە یەکێتی هاوبەش دەبێت لە دەسەڵات و حکومڕانی هەرێمی کوردستان، نەک بەشدار.لەبارەی وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسی لەوەکرد، "پێم وانیە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ـی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێندرێت".