بەغدا موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێ
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بڕیاریدا بە ڕوانەکردنی موچەی مانگی (تەمموز/7)ـی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاری خەرجکردنی موچەی مانگی (تەمموز/7)ـی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، ئەوە لەکاتێکدایە کە بۆ ناردنی موچە، پێویستە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات، دواتر دەست بە ڕێکارەکانی ناردنی موچە لەلایەن بەغداوە دەکرێت. بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ناردنی موچەی مانگەکانی داهاتو پەیوەست دەبێت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆتاییهاتنی راپۆرتی داهاتە ناوخۆییەکان. شایانی باسە دوێنێ دوشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیا نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر میکانیزمێک بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەکردەی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن.