گوتەبێژی یەکێتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەت پێکدەهێنرێت
گوتەبێژی یەکێتیی نێشتمانیی کوردستانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ پارتی لەسەر هێڵن و لە داهاتوویەکی نزیکدا کابینەی نوێی حکومەت پێکدەهێنرێت. دەشڵێت، پێویستە پرسی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.
کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رایگەیاند، سەرقاڵین و لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکدەهێنرێت.
کاروان گەزنەیی لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، رژدین لەسەر ئەوەی کە پرسی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت. لەکاتێکدا 25 رۆژ لە مانگی ئەیلوول تێپەڕیوە، هێشتا مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. رۆژی 23ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم ناردنی مووچە، رادەستکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بوو کە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمموز، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، کە 120 ملیار دینارە.