تورکیا بە فەرمی سنووری ئاسمانی خۆی کردەوە لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی
پاش دیداری بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردووغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، ئانکارا یاسای قەدەغەی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵوەشاندەوە و سنووری ئاسمانیی خۆی لەسەر ئەم فڕۆکەخانەیە کردەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا سنووری ئاسمانی وڵاتی خۆی لەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کردۆتەوە و هەموو گەشتەکان ئاسایی بۆتەوە. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش هەر بەم بوونەوە پیرۆزبایی لە موسافیران و شاروومەندان کرد و داوای لە هەموو هێڵە ئاسمانییەکان کرد بەرنامەی گەشتەکانیان بۆ تورکیا و وڵاتانی ئەورووپایی و جیهان لە ڕێگای ئەم فڕۆکخانەیەوە دابڕێژن. تورکیا لە ٣ی ئاپریلی ٢٠٢٣ـوە سنووری ئاسمانیی خۆی لەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داخستبوو. ماوەی ئەم قەدەغەیەش ڕۆژی دووشەممە شەشی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ لە لایەن تورکیاوە نوێ کرابوویەوە.