ئەمینداری یەکگرتوو: پارتی و یەکێتی لە بەغدا خزمەتی کوردیان نەکردووە
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق رایگەیاند، یەکێتی و پارتی بەو هەموو پۆستە باڵایانەوە کە لە بەغدا هەیانبوە، نەیانتوانیوە کێشە و گرفتە سەرەکییەکانی میللەتەکەمان چارەسەر بکەن و هەر کەسێکیان ناردوەتە بەغدا تەنیا کاری بۆ پڕکردنی گیرفانی و بەرژەوەندی حیزبی کردووە.
سەلاحەدین بەهائەدین ڕاشیگەیاند: یەکگرتوو خەڵکانی دڵسۆزو دەستپاک و ڕاستگۆ و بوێری ناردوەتە بەغدا و لەگەڵ کەمی ژمارە خزمەتێکی زۆریان بە خەڵک و خاکی کوردستان کردوە.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئەوەشی خستەڕو، جارێکی دیکەش جەخت دەکەینەوە کە ئاڕاستەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن ئەگەر دەستکاری شەخسەکانیش نەکرێت، بەدڵنیاییەوە دەستکاری حکومڕانی لە ناوچەکە دەکرێت و بە ئەگەری زۆرەوە عێراقیش بەدەر نابێت لەو دەستکارییە، سەرەڕایی هەوڵەکانی تر، دواهەوڵی بەرپرسانی عێراق بۆ خۆبەدوور گرتن لە کردەی سەربازی، پرۆسەی هەڵبژاردنە کە زلهێزانی جیهان و ناوچەکەش چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەن.