موچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرا دابەشدەکرێت
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی و دو سبەی موچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت.
هاوکات لەو ڕۆژەدا دو موچەی ئەو فەرمانبەرانەش دابەشدەکرێت کە ساڵی ڕابردو دامەزراون. وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە کە دەکاتە ڕێککەوتی ٣ و ٤ـی ئەم مانگە موچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات هەر لەو دو ڕۆژەدا موچەی مانگی ئەیلول و موچەی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەشدەکرێت کە لە دوای ١ـی تەمموزی ٢٠٢٤ بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، "شایستەکانی ئەو دو توێژە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت". دابەشکردنی موچەی ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانە لەکاتێکدا لە ڕۆژی یەکشەممە موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا و تاکو ئێستا چارەنوسی سێ موچەی دیکەی ئەمساڵ بە نادیاری ماوەتەوە.