کانونی یه‌که‌م 08, 2025 19:22 Asia/Tehran
  • تەختەکانی چاودێریی چڕی منداڵان لەهەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هێندە لە ئاستی ستاندارد کەمترن

بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان له هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کەمیی ستاف و تەختی بەشەکانی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکانی منداڵان وایکردووە ژیانی منداڵان بکەوێتە مەترسییەوە.

دکتۆر" ئاڵا سەرتیپ"، پسپۆری نەشتەرگەرییەکانی منداڵان و بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان له هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەختی چاودێریی چڕ بۆ منداڵان جیاوازە و هی گەورانیان بۆ نابێت، چونکە پێویستیی بە ئامێری تایبەتی هەناسەدان هەیە.

ئەو دەڵێت: ژمارەی تەختەکان کەمن و ئەمەش کێشەی بۆ پزیشکان و منداڵە نەخۆشەکان دروستکردووە. بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، نەشتەرگەرییەکانی ریخۆڵەکوێرە و فتق، زۆرترین نەشتەرگەرییەکانی نێو منداڵانی هەرێمی کوردستانن.

بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، پێویستە لەکۆی بیست هەزار بۆ سی هەزار منداڵ، یەک تەختی چاودێریی چڕی منداڵان هەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ئەوەندە کەمترە لە ئاستی ستاندارد.

سەرپەیڤ