قوباد تاڵەبانی: ئێمە هێشتا هیچ کاندیدێکمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق نیە
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتی: ئێمە جارێ هیچ بەربژارێکی دیاریکراومان نیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی و چاوەڕوانین بزانین کێ دەبێ.
"قوباد تاڵەبانی" بەئاماژە بەوەی کە وتووێژی نێوان دوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان ڕێگا بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی هەموار دەکا، وتی: کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی، ئیجابی بووەو دانیشتنێک کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێ، بۆ حەفتەی داهاتوو دواخراوە. وتیشی؛ ڕاوێژکاری و وتووێژ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە بەغدا، هەلێکی باشی ڕەخساندووە بۆ ئاشنابوون لەگەڵ ڕوانگە جۆربەجۆرەکان. قوباد تاڵەبانی وتیشی: پێویستە پێبەندی عێراقێکی بەهێز بین و پێویستیشە هەرێمی کوردستان بەشێک بێ لە عێراقێکی سەقامگرتوو و بەهێز. ئێمە لەهەوڵداین هەتا ستراتژیایەکی شیاو لەواری ئابوری و سیاسی ڕەچاو و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین.