پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق: دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم و بەغدا نابێت تێکەڵ بکرێت
کۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕایگەیاند کە تێکەڵکردنی گفتوگۆکانی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بە دروست نازانێت و جەختیشی کرد لە سەر لە ئەولەویەتدابوونی چارەسەرکرانی کێشەکانی هەرێم.
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای حیزبەکە ڕایگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەدا پێداچوونەوە کرا بە سەر پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەختیش کرا لەسەر ئەوەی کە دەرگای گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بنەمای ئەنجامەکان و پێگەی هەرکام لە لایەنەکان بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەر کراوەیە و پێویستە پارتە و لایەنەکانی هەرێم ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵک بگرن.
کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد کە تێکەڵکردنی گفتوگۆکانی پەیوەست بە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە دروست نازانن. پێویستە سەرەتا پرسی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و دواتر هەنگاوی پێویست و هاوبەش بەرەو بەغدا بنرێت.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراقیش ڕایگەیاند: پەیام و لێدوانەکانی ژمارەیەک بەرپرسی پارتی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نیشانەگەلێک دەردەخات لە درووستبوونەوەی حکومەتێکی دوو ئیدارەیی لە هەرێمدا.
لەتیف نیروێی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لەکاتێکدا بە هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی ڕاگەیەندرا کە پێویستە لە پێناو ڕەخساندنی کەشێکی ئارامتر بۆ سوودمەندبوونی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی هەردوولا، میدیا و سەرکردە سیاسییەکان، هاوکاری بکەن، لەکاتێکدا کە ژمارێک لە سەرکردەکانی پارتی ئەم دۆخەیان بە دەرفەت زانیوە و لێدوان و پەیامی پەرشوبڵاو و نابەرپرسیارانەیان دەرکردووە، کە ناوەڕۆکی هەندێکیان بۆنی گەڕانەوە بۆ سیستەمی دووئیدارەیی لێوە دێت.وتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە یەکێتی تا ئێستا کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری دیاری نەکردووە، ڕاشیگەیاند، پڕۆژەیەکی دیاریکراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو و یەکێتیش پاشەکشەی لێناکات.
کاروان گەزنەیی بە ئاماژە بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وتی: ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە لە دوو ئاستدایە، یەکەم؛ ڕوانگە و ستراتژی بۆ حوکمڕانی، دووەمیش دابەشکردنی پۆستەکان. ناوبراو وتیشی: "هەردوو بابەتەکە گرنگن، بەڵام کێشەیەکی دیاریکراومان نییە کە بتوانین بڵێین تەنها یەک پۆست بووەتە گرێکوێرە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.