گوتەبێژی نەوەی نوێ: دەبێت پرسیاری نەهاتن بۆ نێو 'هاوپەیمانێتییەکە' لە لایەنەکانی دیکە بکرێت
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسی ئامادەیی دەرنەبڕیوە بەشداری لە هاوپەیمانێتییەکە"ی یەکێتی و نەوەی نوێ بکات. گوتەبێژی جووڵانەوەکە دەڵێت، "ئێمە دەستپێشخەری خۆمان کردووە، دەبێت پرسیاری نەهاتن لەلایەنەکانی دیکە بکرێت.
" هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، رایگەیاند، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی "رێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان" بەردەوامن، کە "خۆی لە دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش و پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەشی 38 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان دەبینێتەوە." دەستپێشخەرییەکەی نەوەی نوێ لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە راگەیێندراوە. بە گوتەی بەرپرسەکەی نەوەی نوێ، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی دیکە ئامادەیی بەشداریکردنی لە "هاوپەیمانێتییەکە دەرنەبڕیووە." گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "دەمانەوێ لەگەڵ یەکێتی هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین و هەموو پۆستە باڵاکان تەنیا لای لایەنێکی سیاسی نەمێننەوە."