97 کۆچبەری دیکە لە لیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری ناوەندیی گشتیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران، ئەمڕۆ نەوەد و حەوت کۆچبەر لە وڵاتی لیبیاوە گەیشتنەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆچبەرانەی گەڕاونەتەوە سەرجەمیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن.
دووپاتیشی کردەوە کە لە ئێستادا کۆچبەرەکان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.
ڕۆژی هەینی، بیست و سێ کانوونی دووهەزار و بیست و شەش ، حکوومەتی هەرێمي كوردستان سەرکەوتنی پرۆسەی گەڕانەوەی سەد گەنجی دیکەی ڕاگەیاند، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو ئەورووپا، لە وڵاتی لیبیا دەستگیر کرابوون و ڕووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت ببوونەوە.