خەنیمی بارزانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەرکەوت
هەرچەن پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بە پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو هەوڵ دەدات وا بنوێنێ کە بارزانی بەدیلی بۆ نییە، بەڵام ئێستا کەسێک هاتۆتە مەیدانەوە و ئامادەیی خۆی بۆ بەربژارەتیی هەڵبژاردنی داهاتوویی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە کە بۆ کوردی ئێراق کەسایەتییەکی ناسراوە.
لە کاتێکدایە کە سەردەمی سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی بە سەر هەرێمی کوردستان وێڕای نوێ کرانەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لایەن پەرلەمانی هەرێمەوە کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتایش هەر پاڵی داوەتەوە بە کورسی سەرۆکایەتیی ناوچەی کوردستانی ئێراق.
هەرچەن بارزانی بەردەوام و لە بۆنەی جۆر بەجۆردا باسی بە بەربژار نەبوونی خۆی و ڕادەست کردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بە کەسایەتیەکی هەڵبژاردەی جەماوەری کردووە، بەڵام لەهەمبەردا پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بە پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو هەوڵ دەدات ئەوە بکاتە نێو مێشکی خەڵکی کوردستانەوە کە بۆ بارزانی هیچ بەدیلێک نییە و نابێ و کەسێک کە بتوانێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ لە باروودۆخی هەنووکەدا هەر بوونی نییە. بەڵام ئێستا کەسێک هاتۆتە مەیدانەوە و ئامادەیی خۆی بۆ بەربژارەتی لە هەڵبژاردنی داهاتوویی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە کە بۆ کوردی ئێراق کەسایەتییەکی ناسراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم ؛ "ڕۆستەم کەرکووکی" ناسراو بە "مام ڕۆستەم" یەکێک لە فەرماندەرانی پێشووی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق و یەکێک لە دانەرانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ئێراق وەکوو بەربژار دێتە مەیدانەوە.
"سیروان بابان" ڕاوێژکاری مێدیایی "ڕۆستەم کەرکووکی" وتویەتی کە هەواڵی بەربژارەتیی مام ڕۆستەم پشت راست دەکەمەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەی فەرمی ناوی خۆی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم تۆمار دەکات.
سیروان بابان راگەیاندووە کە مام ڕۆستەم پێشتر لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەدا راشکاوانە باسی ئەوەی کردووە کە خۆی دەکاتە بەربژاری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
بە قسەی بابان، "مام ڕۆستەم" هەموو تایبەتمەندییەکانی پێویست بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی هەیە و لە هەموو قۆناغەکانی چالاکیی سیاسیی خۆیدا هەوڵی داوە بە بەدیهێنانی چاکسازی و ڕوون کردنەوە لە هەرێمی کوردستاندا.
سیروان بابان هەروەها وتوویەتی ئەو ڕەوت و کۆتلانەی پێشتر ڕایاندەگەیاند کە کەسێکی خاوەن شیاوەتیمان نییە بۆ ئەوەی جێگای مەسعوود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بگرێتەوە ، ئیتر هیچ بڕ و بیانوویەکیان بە دەستەوە نەماوە و خەڵک ئەوە دەزانن کە بە هاتنی "مام ڕۆستەم" بۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکان، بارازانی ڕکابەرێکی بەهێزی دەبێ.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاندووە لە ئەمڕۆ (یەکشەممە) سێهەم هەتا ١٨ی سێپتەمبەر، پرۆسەی ناونووسینی بەربژاران و لیست و ڕەوتە سیاسییەکان بۆ بەشداری لە هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی هەرێم دەست پێ دەکات.
بە ئامادەیی دەربڕینی ئەم کەسایەتییە ناسراوەیە بۆ بەربژارەتیی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "مەسعود بارزانی" بەرەوڕووی کێشەیەکی تازە دەبێتەوە. بیروڕای گشتیی کورد ئەمجارە بە کردەوە بارزانی دەخاتە نێو گۆڕەپانی تاقیکارییەکی گەورەوە. بارزانی دەبێتە بەربژار یان نا؟ کاردانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بەو هەواڵە چ دەبێ؟
ڕۆژانی داهاتوو لە جەنگە و سۆز و خرۆشی پرس و بابەتی جۆربەجۆری ڕفراندۆمیدا، مەسەلەی سەر لە نوێ بە بەربژار بوونەوەی بارزانیش دەبێتە قسە و باسی سەرەکیی هەموو کۆمەڵگە و مێدیاکانیش هەر هەموو فوکوس دەکەنە سەر ئەو بابەتە.