ته‌مووز 18, 2021 07:03 UTC

ئایەتەکانی 1ھەتا6 ی سورەتی شوعەرا

ئایەتەکانی 1ھەتا6ی سورەتی پیرۆزی شوعەرا

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

طسم ﴿۱﴾

((طا-سین-میم، ئەمە ئایەتگەلی کتێبی ڕوناکی بەخشە، دەڵێی بەنیازی لەبەر ئەوەی موشریکان باوەڕ ناھێنن گیانی خۆت لە دەست بدەی))

٢٩ سوورەت لە سوورەتەکانی قورئانی پیرۆز بە پیتە لێک دابڕاوەکان دەستی پێکراوە. سوورەتی شوعەراش لەو سوورەتانەیە. پیتە لێک دابڕاوەکان لەو نھێنییانەی قورئانە و ھەر لەم حاڵەدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە قورئان پەرجوویەکی ئیلاھییە و ھەر لەم پیتە سادەیەی ئەلف و بێ پێکھاتووەو خراوەتە بەر دەستی ھەمووان و کەچی لەگەڵ ئەمەش دا ھیچ نووسەرو زانایەک توانایی ئەوەی نییە کە نمونەی وا بێنێتەوە و وەھا پەڕتووکێک دابنێت.

تِلْكَ آيَاتُ الْكِتَابِ الْمُبِينِ ﴿۲﴾

درێژەی ئایەتەکە پێ لەسەر ڕوناکی بەخش بوونی ئەم کتێبە ئیلاھییە دادەگرێت. کتێبێک کە بە باشی سنووری نێوان حەق و ناحەق و دروست و نادروست لێک جیا دەکاتەوەو ھەر ئەمەش نیشانەی مەزنایەتی و ئیعجازی قورئانی کەریمە.

لَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَفْسَكَ أَلَّا يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ ﴿۳﴾

ئایەتی سێھەم ئاماژە بۆ تاسە و ئەوینی بەرفراوانی پێغەمبەری سەردار دەکات لەمەڕ ڕێنوێنی و وریا کردنەوەی خەڵک. ئەم دڵسۆزییەی ئەو حەزرەتە بەڕادەیەک بوو کە سەرباری ھەڵس و کەوتی دزێو و نالەباری موشریکان و سوکایەتی و ھەڕەشەو گوڕەشەکانیان دەستی لەبانگێشتنیان بەرەولای تاکانە پەرستی ھەڵنەدەگرت.

پێغەمبەری سەردار(د- خ) بە دیتنی باوەڕ نەھێنانی موشریکان و مکوڕ بوونیان لە سەر بیروبۆچوونە ناڕەواو ناحەقەکانیان خەفەتی دەخواردو ئەمەش گەییشتبووە ئاستێک کە ھێندەی نەمابوو گیانی موبارەکیشی لەسەر دابنێت.

لەم ئایەتانە ئەمە فێر دەبین کە:

١_ ڕوناکی بەخشی وڕوونکردنەوە لەو تایبەتمەندییە گرینگانەی قورئانە. لە ھەرکوێ دا تووشی چەقبەستوویی ھاتین باشترین کار ئەوەیە کە ڕوو لە قورئانی پیرۆز بکەین ھەتا ڕێگای دروستمان پیشان بدات.

٢_ پێغەمبەران دڵسۆزی خەڵک بوون. ئەوانە بۆ بەجێ ھێنانی ئەرکی خۆیان و بانگێشتنی خەڵک بەرەو ڕێگای حەق زیاتر لە ڕادەیەک کە چاوەڕوانی دەکرا ھەوڵیان دەدا.

٣_ ئەگەر  بواری قەبووڵ کردن لە خەڵک دا نەڕەخسا بێت، باڵاترین کتێب و کارامە ترین ڕاھێنیش کار ناکاتە سەریان.

ئایەتی ٤ ی سورەتی پیرۆزی شوعەرا

إِنْ نَشَأْ نُنَزِّلْ عَلَيْهِمْ مِنَ السَّمَاءِ آيَةً فَظَلَّتْ أَعْنَاقُهُمْ لَهَا خَاضِعِينَ ﴿۴﴾

(( گەر بمانەوێ پەرجوویەکیان لە ئاسمانەوە بۆ دادەبەزێنین ھەتا لە ئاستی­دا ملکەچ و سەرنەوی بن))

لە ئایەتەکەی پێشوودا ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە سەرباری تەواوی ھەوڵەکانی پێغەمبەر ئەوانە ئامادە نەدەبوون باوەڕ بھێنن، ئەم ئایەتەش لە درێژە دا دەفەرموێت کە: با ئەوانە پێیان وانەبێت کە بە کوفرو حاشا کردن دەتوانن لە بازنەی ڕکێفی خوداوەند دەرچن، بەڵکو ئەمە خوداوەندە کە ویستوویەتی خەڵک لە ڕووی ویست و دەستەڵاتەوە باوەڕ بێنن. چونکو ئەگەر ویستبای دەیتوانی وەھا نیشانەیەک لە دەستەڵات و مەزنایەتیی خۆی پیشانیان بدات کە ھەموو لە ڕووی ناچاری  فەرمانی لێ ببەن و لە ئاستی دا سەر نەوی بکەن.

 

لەم ئایەتە ئەمە فێر دەبین کە:

١_ باوەڕو ئیمان دەبێ لە ڕووی ویست و دەستەڵاتەوە بێت نەک زۆرەملێ و ناچاری،کاتێک خوداوەند کە خاوەنی مرۆڤەکانە بۆ باوەڕ ھێنان ناچاریان ناکات، ئایا خەڵکانی دیکە لەوانە باوک و دایک بۆیان ھەیە کە مرۆڤ بۆ قەبووڵ کردنی باوەڕێک ناچار بکەن.

٢_ئەوانەی وا لە ئاستی حەق دا سەردانانوێنن ڕۆژێک دەگات کە سەر نەوی کەن و خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام دیارە کە ئەو ڕۆژە ئیدی درەنگ بووەو کەڵکی نابێت.

 

ئایەتەکانی ٥و٦ ی سورەتی پیرۆزی شوعەرا

وَمَا يَأْتِيهِمْ مِنْ ذِكْرٍ مِنَ الرَّحْمَنِ مُحْدَثٍ إِلَّا كَانُوا عَنْهُ مُعْرِضِينَ ﴿۵﴾

فَقَدْ كَذَّبُوا فَسَيَأْتِيهِمْ أَنْبَاءُ مَا كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُونَ ﴿۶﴾

((ھیچ ئاگادارکردنەوەیەکی تازە لە لایەن خوداوەندەوە نەھات بۆیان کە ڕووی لێ وەرنەگێڕن، ئینجا نکۆڵییان لە ئایەتەکانی ئیلاھی کرد و بەم زووانە ھەواڵی ئەوەی گاڵتەیان پێ دەکرد دەگاتە لایان))

ئەم ئایەتانە باسی ھەڵسوکەوتی ناشایستی موشریکانی مەککە لەگەڵ ڕەسوڵی خودا دەکەن و دەفەرموون:ھەرئایەتێک کە بۆ پێغەمبەر دائەبەزی و بۆ ڕاچەڵەکان و وریابوونەوەی موشریکان ئاگاداری دەکردنەوە،لە باتی ئەوەی کە پەندی لێ وەربگرن و ڕاچەڵەکێن، خۆیانیان لێ ئەدزییەوەو تەنانەت ئامادە نەبوون گوێ لە ئایەتەکانی ئیلاھی بگرن.

با ئەوەی کە ئەو ئایەتگەلە لە لایەن خوداوەندی ڕەحمانەوە دابەزیبوون، خوداوەندێک کە ڕەحمەتەکەی سەرتاسەری جیھانی داگرتووەو تەواوی بوونەوەران لەوانە مرۆڤ منەتباری ڕەحمەتە بێ سنوورەکەینی.

موشریکە دەمارگرژ و کوێردڵەکان بەوەش نەوەستان،بەڵکو بەبێ ئەوەی کە بەڵگەو ھۆکارێک بھێننەوە ئایەتەکانی خودایان بەدرۆ دەخستەوەو بە نادروستیان دەزانی.

 لە ھەمووشی خراپتر ئەوە بوو کە جیا لە بەدرۆخستنەوەی حەق، بە پێغەمبەرو بەڵێنەکانیشی ڕایاندەبوارد. ئەگەر پێغەمبەر باسی پەسڵان و بەھەشت و دۆزەخی کردبا، گاڵتەیان پێ دەکرد و بە خەون و خەیاڵی ئەو حەزرەتەیان دەزانی. بەڵام خوداوەند دەفەرموێت: دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە ئەوانە سزای ئیلاھی ببینن و بەڵێنەکانی خودا بە ھەمووتان و پۆیانەوە ھەست پێ بکەن و لەوە تێ بگەن ئەوەی وا حاشایان لێ دەکردو پێیان ڕادەبوارد، ڕاستییەک بووە کە ئەمڕۆ بەرۆکی گرتوون و دەربازبوونیان بۆ نییە.

لەم ئایەتانە ئەمە فێر دەبین کە:

١_ مرۆڤ ھەنگاو بە ھەنگاو و بەرە بەرە لە ڕێ لا دەدا و تووشی ھەڵخلیسکان دەبێت، سەرەتا گوێ ناداتە حەق و خۆی لێ دەدزێتەوەو پاشان حاشای لێ دەکاو ئینجا بە حەق و بڕواداران ڕادەبوێرێ و گاڵتەیان پێ دەکات.

٢_ئایەتەکانی قورئان بۆ وریاکردنەوەو وشداری دانە، ھەڵبەت بۆ ئەو دڵانەی کە ئامادەی قەبووڵ کردنی حەقن نەک ئەوانەی کە ڕێگای جەھر کردن و خۆبواردن لە حەقیان گرتووەتە بەر.

٣_ پێڕابواردن لە بەدرۆخستنەوە خراپترە. ئەوانەی وا گاڵتە بە حەق و شوێنکەوتووانی دەکەن، کردەوەکانیان بێ وەڵامدانەوە نابێت و لە بەر ئەم ھەڵس و کەوتە ناشایستەیان خوداوەند مکوڕ دەبێ لە سەر سزادانیان.

 

 

 

 

 

سەرپەیڤ