کانونی یه‌که‌م 19, 2021 16:05 UTC

ئایەتەکانی 7ھەتا 13 ی سورەتی شوعەرا

ئایەتەکانی 7ھەتا 13 ی سورەتی پیرۆزی شوعەرا

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

أَوَلَمْ يَرَوْا إِلَى الْأَرْضِ كَمْ أَنْبَتْنَا فِيهَا مِنْ كُلِّ زَوْجٍ كَرِيمٍ ﴿۷﴾

إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَةً وَمَا كَانَ أَكْثَرُهُمْ مُؤْمِنِينَ ﴿۸﴾

وَإِنَّ رَبَّكَ لَهُوَ الْعَزِيزُ الرَّحِيمُ ﴿۹﴾

(( ئایا سەیری زەوییان نەکرد کە بزانن چەندە ڕووەکی ھەمەچەشنەی باشمان تیایدا  خوڵقاندووە؟ بێ گومان لەم ئافراندنە باشەدا نیشانەیەک ھەیە و کەچی زۆربەیان باوەڕ ناھێنن و بە ڕاستی پەروەردگاری تۆ ھەمان نەبەزیوی دلۆڤانە ))

لەبەرنامەکەی پێشووداباسی ناڕەزایەتی و دژایەتی کردن و بەدرۆخستنەوەو گاڵتە پێکردنی کافران بە پێغەمبەری سەردار و قورئان کرا. ئەم ئایەتانەش دەفەرموون: کافران نیشانەکانی شکۆ و دەستەڵاتی خوداوەند لە ڕووی زەوی دەبینن،کەچی پەی بە بوونی خودا نابەن و باوەڕ ناھێنن. گوێچکەیان بەرگەی بیستنی قسەی حەق ناگرێت و لە حەق ھەڵدێن،ھەر چۆن چاویشیان لە دیتنی نیشانە و نوێنگەکانی خودا لە سروشتیش دا مەحروم و بێ بەرییە و بەحەق ناگەن.

چەشنە جۆربەجۆرەکانی گژوگیا و دارودەوەن و دارستانی بەربڵاو ئەگەر بێت و لە ڕوانگەیەکی پەندوەرگرانەوە سەیریان بکرێت باشترین نمونەن بۆ بوونی خوداوەندی تاقانە،چونکو لەوانەش دا ھەر یاسای جووت بوون بەدی دەکرێت و چەشنی جۆربەجۆری گژوگیای نێرومێ بە شێوازگەلی جوان و سەرنج ڕاکێش لەپاڵ یەکدا ھەڵکەوتوون.

سەیر لەوەدایە کە قورئانی پیرۆز ھەزاروچوارسەد ساڵ لەمەوپێش ئاماژەی کردووەتە یاسای جووت بوون لەگژو گیاکاندا وەک یاسایەکی گشتی،کەچی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ھەژدەی زایینی دا(لینە) گیاناسی بەناوبانگ تازە توانی پەی بەم ڕاستییە بەرێت کە گژوگیاش ھەروەک گیاندارانی دیکە نێرو مێیان ھەیە.بەمجۆرەی کە گژوگیاش لەڕێگای تێکەڵ کردنی تۆوی نێرومێ پێ دەگەن و بەرھەم دەدەن و ئەمەش لەو موعجیزە و پەرجوویانەی قورئانی کەریم دێتە ئەژمار.

لەم ئایەتانە ئەمە فێر دەبین کە:

١_ موتاڵا و خوێندنەوە لەسەر جوانییەکانی ھەستی و جیھانی بوون و تۆرەمەخستنەوەی بوونەوەران لەو ڕێگا ھەرە باشانەی خوداناسییە.

٢_ جووت بوونی گژوگیاکان  لەو نیشانەگەلەی  دەستەڵاتی پەروەردگار بە سەر سروشت دایە.

٣_تەنانەت ئەگەر زۆربەی خەڵکانی دنیاش کافر بن ئەمە بە واتای حەق بوونی کوفر نییە،ھەر چۆن ئەگەر زۆربەی خەڵک جگەرەکێش بن بە واتای دروست بوونی ئەم کارە نییە.

٤_ پەروەردگار سەرباری دەستەڵات و شکۆمەندی و نەبەز بوونی لەھەمبەر بەندەکانی دا دلۆڤان و خاوەن بەزەییە.

 

ئایەتەکانی 10 و 11 ی سورەتی پیرۆزی شوعەرا

وَإِذْ نَادَى رَبُّكَ مُوسَى أَنِ ائْتِ الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ﴿۱۰﴾

قَوْمَ فِرْعَوْنَ أَلَا يَتَّقُونَ ﴿۱۱﴾

(( ئینجا وەبیر بێنەوە ئەو کاتەی کە پەروەردگارت بانگەوازی موسای کرد کە بچێتە سەروەختی ئەو ھۆزە ستەمکارەوە، ئایا ھۆزی فیرعەون لە دژایەتی کردنی فەرمانی خودا دەربەست نین؟))

لەم سوورەتە بەسەرھاتی حەوت کەس لە پێغەمبەرانی ئیلاھی بە کورتی باسی کراوە کە یەکەمیان حەزرەتی موسا(ع)ە. داستانی ژیان و ڕیسالەتی حەزرەتی موسا لە سورەتە جۆربەجۆرەکانی قورئانی پیرۆزدا باسی کراوە،بەڵام ھەر کامەیان ئاماژە بۆ سوچێکی ژیانی ئەو حەزرەتە دەکات و لە ڕوانگەیەکی ھاوتەریب لەگەڵ ھەل و مەرجی پێغەمبەری ئیسلام و موسڵمانان تیشک دەخاتە سەر بەسەرھاتی حەزرەتی موسا(ع).

لە ئایەتە سەرەتاییەکانی ئەم سوورەتە خوداوەند ئاماژە دەکاتە ھەڵس و کەوتی ناشایستی نەیارانی پێغەمبەری ئیسلام  لەگەڵ ئەو حەزرەتەدا و دەفەرموێ: ئەوانە تووشی جەھر کردن و پڕکێشی ھاتوون و باوەڕ بەتۆ ناھێنن. ئەم ئایەتانە ڕوو لەو پێغەمبەرە دەفەرموون: وەبیر بێنەوە کە حەزرەتی موساش تووشی لە تووشی ھۆزێکی کافرو سەرەڕۆ ھاتبوو کە وازیان لە کارە دزێوەکانیان نەدەھێناو ستەم و ناڕەوایی لە نێویاندا برەوی ھەبوو،کەچی لەگەڵ ئەوەش دا ئەو حەزرەتە وازی لە بانگێشتن کردنیان نەھێناو بەری نەدان.

لەم ئایەتانە ئەمە فێر دەبین کە:

١_ ئاشنا بوون لەگەڵ مێژووی ھۆزەکانی ڕابردوو و پێغەمبەرەکانیان ڕێشاندەری ژیانی ئەمڕۆی موسڵمانانەو پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام لەگەڵ شێوازە جۆربەجۆرەکانی نەیاران و ڕێگاکانی بەرپەرچ دانەوەیان ئاشنا دەکات.

٢_بۆچاکسازی لەکۆمەڵگادا دەبێ چاکسازی خوازان ڕاپەڕن و بێنە مەیدانەوە،نەک ئەوەی کە لە ماڵەوە دانیشن و بەس وتار پێشکەش بکەن.

٣_بۆ بەربەرەکانێ لە ئاستی ستەم و گەندەڵی دا دەبێ بچینە سەروەختی سەرچاوەکەیەوە و ھەر لەبەر ئەمە خەباتی دژی تاغوت لە سەرەوەی بەرنامەکانی پێغەمبەرانی ئیلاھی دایە.

 

ئایەتەکانی 12 و 13 ی سورەتی پیرۆزی شوعەرا

قَالَ رَبِّ إِنِّي أَخَافُ أَنْ يُكَذِّبُونِ ﴿۱۲﴾

وَيَضِيقُ صَدْرِي وَلَا يَنْطَلِقُ لِسَانِي فَأَرْسِلْ إِلَى هَارُونَ ﴿۱۳﴾

((موسا وتی: ئەی پەروەردگار لەوە دەترسم حاشام لێ بکەن،ئەوسا دڵم دەگیرێ و زمانم گۆناکات،کەوا بوو ھاروونی براشم ئەرکمەند بکە با یارمەتیم بدات))

دوای ئەوەی کە حەزرەتی موسا(ع) ڕاسپێردرا ھەتا بەرەولای فیرعەون و فیرعەونییەکان بڕوات، باسی کۆمەڵێک لە گرفت و بەرتەسکیە ناخەکی و دەرەوەییەکانی خۆی بۆ خوداوەند کرد. یەکەم ئەوەی کە بە شیمانەی کەمەوە قسەی لێ قەبووڵ کەن و فیرعەونییەکان قسەکانی بەدرۆ دەخەنەوە. لەپاشان بەئەنجام گەیاندنی ئەو ئەرک و ڕیسالەتە کارێکی ئێجگار سەخت و دژوارە، بەتایبەت کە زمانی حەزرەتی موسا بەقەدەر پێویست پاراو نەبوو و ڕەنگە ھەر ئەمەش ببایەتە ھۆی ئەوەی کە پێی ڕابوێرن و سوکایەتیی پێ بکەن، ھەر لەبەر ئەمە ئەو حەزرەتە داوا لە خودا دەکات کە ھاروونی براشی لەو  ئەرکەدا یارمەتیی بدات و لەگەڵی دا بێت. سەرباری ئەوەی کە خوداوەند تەواوی ئەوەی وا موسا وتبووی لەپێش دا دەیزانی،کەچی لەگەڵ ئەوەش دا بۆ ئەو کارە گەورەیە ڕایسپارد و ھەڵبەت داخوازییەکەشی جێبەجێ کرد ھەتا لەگەڵ ھاروون دا بڕواتە کۆشکی فیرعەونەوە.

ئەم ئایەتگەلە بەجوانی ئەوە دەردەخەن کە زانایان و بانگخوازانی دینی کە ئەرکی ڕێشان دان و ڕێنوێنی کردنی کۆمەڵگایان بە ئەستۆوەیە،ھەرکاتێک لەبەر نەخۆشی و یان پیری نەتوانن ئەو ئەرکەیان بە تەنیایی ڕاپەڕێنن، ئەرکەکەیان لەسەر ھەڵناگیرێت،بەڵکو دەبێ لە ھێزە لاوو تواناکان یارمەتی وەربگرن و لە پێنووس و زمانیان بۆ بانگخوازی و برەوپێدانی کەڵک وەربگرن.

لەم ئایەتانە ئەمە فێر دەبین کە:

١_بەدرۆخستنەوە وحاشاکردنی خەڵک نابێتە پاسایەک بۆ واز ھێنان لە ئەرک و بەرپرسایەتی زانایانی ئایینی دەبێ بەردەوام خەڵک بەرەولای خوداو ڕێبازەکەی بانگێشتن بکەن.

٢_ بارستایی و توانایی تەواوی مرۆڤەکان لەوانە پێغەمبەران لە ئاستی گرفت و دژایەتییەکاندا بەرتەسکە، ھەر بۆیە دەبێ لەخودا داوای یارمەتی بکەن.

٣_کاروباری گەورە پێویستی بە ھاوڕێیی کەسانی ھاوبیروڕایە و بەبێ یارمەتی و پاڵپشتی کردنی خەڵکانی تر لەوانەیە کارەکە بە ئەنجامی دڵخواز نەگات.

 

 

 

سەرپەیڤ