مامۆستا جەمال شارباژێڕی ماڵئاوایی لە ژیان كرد
ماڵپەڕی خەندان بابەتێکی تەرخان داوە بەم ڕووداوە لە ناکاوەی کە شەوی ڕابردوو قەوماوەو نووسیویەتی: شاعیری دیاری كورد جەمال شارباژێڕی ڕۆژی دوشەممە، لەتەمەنی 82 ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنەوە لە لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا كۆچی دواییكرد.
ناوی تەواوی جەمال ئەمین عارفە و ناسراوە بە مامۆستا جەمال شارباژێڕی و لە 16ی (تشرینی دوەم/10)ی 1941 لە گوندی واژەی سەر بە قەزای شارباژێڕ لەدایك بووە.
كۆمەڵێك بەرهەمی چاپكراوی هەیە، هەندێك لە بەرهەمە چاپكراوەكانی (كسپەو سۆز 1959، بەستەی مەبەست 1961، پارچەیەك لە جگەرم 1968، فرمێسكی نهێنی 1969، لە ئەلبومی یادگارا 1983، ملوانكەی هەزار دەنكەی شارباژێڕ 1985.
سروشتی جوانی شارباژێڕ و ژیانی پاك و بێگەردی لادێ كاریگەرییەكی زۆری لەسەر هۆنراوەكانی جەمال شارباژێڕی هەبوە، وەك لە (ئەلبومی یادگار) و هەروەها لە (ملوانكەی هەزار دەنكەی شارباژێڕ) دیارە یەكێكە لەو شاعیرانەی كە لە ساڵی 1970 لەگەڵ شێركۆ بێكەس، حسێن عارف، جەلالی میرزا كەریم، كاكە مام بۆتانی، بەیاننامەی ڕوانگەیان ڕاگەیاند.