نیسان 29, 2024 11:20 UTC

شەشەمین پێشانگای تواناکانی هەناردەکردنی ئێران لە شەممەوە دەستیپێکردووە و لە هەمان کاتدا بەراوردەکان ئەوە دەردەخەن کە ئێران هەوڵدەدات بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا.

ئەم ڕووداوە گەورەترین ڕووداو لە بواری هەناردەکردنی ئێرانە و بە وتەی مەهدی زەیغەمی، بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران، زیاتر لە دوو هەزار و پێنسەد تاجر و بازرگان لە ١١٩ وڵاتی جیهانەوە لەم پێشانگایەدا بەشدارییان کردووە کە ئەوەش ئاڵقەیەکی گرێدەر لە نێوان بەرهەمهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆر و بەرهەمهێنەران و کارئافرێنەرانی ئێرانی دادەمەرزێنێ، وتیشی: زیاتر له 800 کۆمپانیای هەناردەکاری سەرکەوتوو لە ئێران ئێکسپۆی ٢٠٢٤ بەشدارییان کردووە و پێشبینی دەکرێ ڕادەی گرێبەسته بازرگانییە واژۆکراوەکان بگاتە نزیکەی دووهێندەی پێشانگاکەی پێشوو، واته نزیکەی چوار ملیار دۆلار.

بە وتەی سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران، لە هەر پێنج کیشوەری جیهانەوە شاندی بازرگانی لە پێشانگای ٢٠٢٤ دا ئامادەن. بۆ نموونە چین، ڕووسیا، پاکستان، هیندستان، عێراق و هەندێک وڵاتی ئەفریقایی بە شاندی بازرگانی زیاتر لە ٦٠ کەسی  و تەنانەت چین بە شاندی بازرگانی زیاتر لە ٢٠٠ کەسی بەشداریان لەم چالاکییەدا کردووە.

هەروەها شاندە بازرگانییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا،. دراوسێکان، ئەفریقاییەکان، ئەورووپاییەکان و ئەمریکای لاتینیش لەم پێشانگایەدا بەشدارییان کردووە و یەکەم هاوکارییە ئابووری بازرگانییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا کە مانگی مەیی ساڵی رابردوو یەکەم هەنگاوەکانی هەڵگیرا، ئەمساڵ تەواو پەرە دەستێنێ.

سەرپەیڤ