شوبات 26, 2025 08:38 UTC

ئاشتی و ئاشتەوایی جوانترین ئاواتی مرۆڤەکان لە ئەزەل هەتاکوو ئێستا بووە؛ دنیایێک کە ئەوین و خۆشەویستی و ڕێزگرتن جێگای شەڕ و دوژمنی بگرێتەوە، دنیایێک کە مرۆڤەکان گەیشتوون بە نرخی ڕاستەقینەی ژیان.

ئاشتی وەکوو مۆسیقا دڵەکان هێمن دەکاتەوە و مرۆڤەکان بە یەکتر نزیک دەکاتەوە. ئاشتی و ئاشتەوایی پردێکە کە مەودای نێوان دڵەکان لا دەبات وە دڵەکان دەبەستێتەوە بە یەکتر. لە سێبەری ئاشتی مرۆڤەکان دەتوانن لە جوانی سروشت و ساتە سادەکان و ساکارەکانی ژیان چێژ وەربگرن. ئاشتی هەمان ڕووناکییە کە تارماییەکانی نەفرەت و دوژمنی لەناو دەبات. هەر مرۆڤێک لە هەر شوێنێک لە جیهان تینووی ئاشتی و مرۆڤ دۆستییە. کۆرپەلەکان لە باوشی دایکیان کە بە ئارامی دەخەون، پێویستیان بە دنیایەک هەیە کە دەنگی پێکەنین جێگای هاواری ترس بگرێتەوە. ئاشتی خەڵاتێکە کە داهاتوو بۆ جیلی نوێ و نەوەی نوێ ڕوون و پڕ ئومێد دەکات. مرۆڤدۆستی پر ژینگێکی ڕووناکییە کە لە دڵەکان دەدرەوشێتەوە و دڵی مرۆڤەکان بە یەکدی گرێ دەدات. ئاشتی و مرۆڤدۆستی هەموو بەربەستەکانی نێوان دڵی میللەتەکان لا دەبات. ئاشتی دوو قۆڵی باڵندەیێکە کە دنیا بە لووتکەی ئارامی و شکۆ دەبات. ئاشتی زمانی هاوبەشی نێوان مرۆڤەکانە؛ بەڵام زمانێکە پێویستی بە وشە نییە، بەڵکوو پێویستی بە نیگاهێکی میهرەبان و دەستانێکی یارمەتیدەرە. لە سێبەر ئاشتی جیهان دەتوانێت شوێنێک بۆ پەروەردەکردنی بەهرەمەندان، خوڵقاندنی جوانییەکان وە سازکردنی داهاتوویەکی باشتر بێت. ئاشتی و مرۆڤدۆستی نیشاندەری هێزی خۆشەویستییە. ئەو هێزە دەتوانێت زامە کۆنەکان و دڵە شکاوەکان چاک کاتەوە. ئاشتی دارێکە کە تەواوی دنیا لەژێر سێبەری دەبن. دنیایەک کە ئاشتی تێدا بێت دنیایەکە کە خۆشەویستی و سۆز جێگای نەفرەت و دوژمنی و بێڕێزی دەگرێتەوە و ئەوە ئاواتی تەواوی مرۆڤەکانە. ئاشتی ئاوێنەیەکە پیشان دەدا ئێمەی مرۆڤەکان دەتوانین بە خۆشەویستی و عشق و سۆز جوانی دنیا زیاتر بکەین.

بەرنامەی وێستگە 2025/02/26

سەرپەیڤ