شانامەی فیردەوسی
شانامە یەکێک لە بەنێوبانگ ترین کتێبەکانی مێژوو؛ کتێبێک کە باسی دەستپێکی جیهان و پاشایەتیەکان و پاڵەوانیەتی و ئوستوورەکان دەکات. کتێبێک کە زیاتر لە پەنجا هەزار بەیت شێعر و هۆنڕاوەیە و نووسەر و بەرهەمهێنەرەکەی حەکیم ئەبولقاسمی فیردەوسییە کە هەزار ساڵ لەوە پێش ژیاوە.
بە ڕاستی شانامە یەکێک لە گەورەترین و گرینگترین بەرهەمەکانی ئەدەبیاتی کۆنی فارسییە. شانامە کتێبێکە کە هەموو ئێرانی شانازی پێوە دەکات. کتێبێک کە بە فارسی دەری نووسراوە. فیردەوسی لە شانامەدا هەوڵی داوە تا مێژوو و فەرهەنگی ئێرانی لە سەردەمی ئوستوورەکانەوە، لە سەردەمانی زۆر زۆر کۆنەوە تا سەردەمی هێرشی عەرەبەکان بۆ سەر ئێران وەکوو دیمەنێک بخاتە بەرچاو. ئەو بە بەکارهێنانی زمانی شێعر و هۆنراوە وە سوود وەرگرتن لە بەسەرهات و چیرۆکی حەماسی و پاڵەوانان و قارەمانانی مێژوو وە پاشاکانی ئێران ئەو بەرهەمەی خوڵقاندووە. شانامەی فێردۆسی لە سێ بەش پێک هاتووە. بەشی ئوستوورەکان، بەشی پاڵەوانی و بەشی مێژوویی و دیرۆکی. یەکێک لە بەنێوبانگترین چیرۆکەکانی نێو شانامە بەسەرهاتی کیومەرسە. بناغەدانەری پاشایەتی لە ئێران و جیهان. کێومەرس وەک یەکەم پاشا هێمای دەسپێکی شارستانییەت و فەرهەنگی مرۆڤایەتییە. فیردەوسی لەم بەشەدا ئاماژە دەکات بە بەسەرهاتەکانی جەمشید و زوحاک و فەرەیدوون کە کۆمەڵێک چیرۆک و پەیامی ئەخلاقی و فەرهەنگی قووڵ دەخاتە بەرچاوی خوێنەر. زمان و شێوازی ئەدەبی شانامەی فیردەوسی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بەرهەمە شازەیە. فیردەوسی بە بەکارهێنانی زمانی فارسیی دەری وە وەزن و قافیە کۆمەڵێک شێعری جوان و ڕەوانی ئافراندووە کە هەموو خوێنەرێک دەبێتە گیرۆدە و هۆگری ئەم بەرهەمە شازە. زمانی شانانە سانا و ساکارە بەڵام پڕە لە دیمەنی جۆر بە جۆر و سەرنجڕاکێش. فیردەوسی مەزن لە شانامەدا سەرنجێکی زۆری داوەتە بەها ئەخلاقی و ئینسانییەکان. ئەو لە بەسەرهاتەکانیدا چەمکگەلێکی وەکوو دادپەروەری، ئازایەتی، ئەمەگداری و وەفاداری، عەشق و دۆستایەتی خستۆتە بەر باس دوای تێپەڕینی هەزار ساڵ لە هۆنینەوەی ئەم بەرهەمە شازە، ئێستاش لە هەموو دنیا ئەم کتێبە لە لووتکەی بەرهەمەکانی جیهاندایە.
بەرنامەی وێستگە 2025/03/02