پەیامی ڕێبەی مەزنی ئینقلابی ئیسلامی بە بۆنەی حەوتەی یەکگرتنی موسڵمانان
ڕۆژانی لەدایکبوونی بوونی موبارەکی نەییەری ئەعزەم، ئەشرەفی مەخلووقات، سراجی مونیر، هەڵبژاردەی خودا، شاری زانست، حەزرەتی رحمةٌللعالمین، پێغەمبەری مۆکەڕەمی ئیسلام (صلّی الله علیه وآله وسلّم) و ڕۆڵە پاک و پاکژەکەی، حوجەتی باڵغەی ئیلاهییە، حەزرەتی ئیمام جەعفەری سادق (صلواتالله و سلامه علیه) پیرۆزبایی دەکەم لە گەلی بەشەرەفی ئێران و ئوممەتی گەورەی ئیسلام .
بسمالله الرّحمن الرّحیم
مُحمّدٌ رَسولُ اللهِ وَالّذینَ مَعَهُ اَشِّداءُ عَلی الکُفّارِ رُحَماءُ بَیْنَهُم
ڕۆژانی لەدایکبوونی بوونی موبارەکی نەییەری ئەعزەم، ئەشرەفی مەخلووقات، سراجی مونیر، هەڵبژاردەی خودا، شاری زانست، حەزرەتی رحمةٌللعالمین، پێغەمبەری مۆکەڕەمی ئیسلام (صلّی الله علیه وآله وسلّم) و ڕۆڵە پاک و پاکژەکەی، حوجەتی باڵغەی ئیلاهییە، حەزرەتی ئیمام جەعفەری سادق (صلواتالله و سلامه علیه) پیرۆزبایی دەکەم لە گەلی بەشەرەفی ئێران و ئوممەتی گەورەی ئیسلام .
لەو کاتەوەی خۆری وجودی حەزرەتی خەتمی مەرتەبەت لە مەککەی مۆکەڕەمەدا هەڵهات، ئاسۆی بەختیاریی مرۆڤ کە گرێدراوی کەماڵی بەندایەتی و گوێڕایەڵی بۆ حەزرەتی حەق (جلّ و علا)یە، درەوشانەوەیەکی تری بەخۆوە بینی؛ ڕۆحی پێغەمبەران و فریشتە ئیلاهییەکان و قودسیان، نوقمی شادی بوون و شەیتانەکانی ئینس و جن، پەنجەی تووڕەیی و حەسرەت و خەمیان گەست. چونکە باشترین خولقاوی خودا لە هەموو جیهانە بێژمارەکانی خیلقەت، پێی نایە سەر زەوی و زوو بە خەڵاتی نەبووەت و خاتەمییەت و بە قورئانی عەزیم لە دەست و ئەرکی ڕێنوێنی هەموولایەنەی مرۆڤ، دەستی دایە ڕێکخستنی کاروانی گەورەی مرۆڤایەتی بەرەو بەندایەتی و کەماڵی ئیلاهی. ژیانی ئەو حەزرەتە و وەسییە مەعسوومەکانی هەمووی وانەی ڕێنوێنی و بەندایەتی، وانەی ناسین و خۆشەویستی، وانەی بیروبڕوا و جیهاد، وانەی ژیان و ڕەوشتی بەرزی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، وانەی ئەمەگ و ڕاستگۆیی، وانەی نەفس بەرزی و کەرامەت، وانەی زانست و کردەوە، وانەی ڕەحمەت و بڕیاردەر بوون، وانەی دادپەروەری، و وانەی یەکێتی و برایەتییە.
ئەم وانانە هەرچەند باشتر فێر بکرێن و کاریان پێ بکرێت، گەیشتن بە لوتکەکانی بەختیاری و خۆشبەختی بۆ مرۆڤەکان ئاسانتر دەبێت. ئێمە باوەڕمان وایە ڕۆحی پاکی پێغەمبەری ڕەحمەت و هەروەها ڕۆحی پاکی وەسییەکان و حوجەتە پاکەکان (صلواتالله و سلامه علیه و علیهم اجمعین) هەمیشە چاودێر و ڕێنوێنیکەر و میهرەبانن بەسەر دۆخی موسڵمانان و کۆمەڵگەی ئیسلامی. کاتێک هەڵەیەک لە منداڵانی ئەم باوکە میهرەبان و بەڕێزە ڕوو دەدات، خەیاڵی بەڕێزی ئازار دەچێژێت و هەرکاتێک موسڵمانان بە وانەکان و فەرمانەکانی ئەو کار دەکەن، دڵی موبارەکیان شاد دەبێت.
ئێستا ئیسلام و شوێنکەوتووانی، دوای تێپەڕبوون لە سەردەمە ئاستەم و پڕ لە گێژئاو و بڕینی هەوراز و نشێوی جۆراوجۆر لە سەردەمی سەرەتاییەوە تا ئێستا، گەیشتوونەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە. ئەمڕۆ موسڵمانان دەتوانن ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر و مێژووساز بگێڕن. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە ئاسۆی زاڵبوونی کۆتایی حەق بەسەر باتڵ، و ئیسلام بەسەر کوفردا، بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لە هەموو سەردەمەکانی ڕابردوو، نزیکتر بووەتەوە.
مەرجی یەکەمی ئەم کارە گرنگە، یەکێتی لە وتەی موسڵمانانە. یەکگرتنی موسڵمانان لە بەرامبەر کوفری جیهانیدا، ستراتیژێکی قورئانی و وانەیەکی ڕەسەن لە ئیسلامی ڕاستەقینەی محەممەدی (صلّی الله علیه وآله و سلّم)ە و نەک پرسێکی ڕووکەش و کاتی. مەبەست لە یەکگرتن ئەوەیە کە لە ئاستی گشتی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەمووان، بکرێتە چەق و بنەما. بێگومان هەوڵ دەدرێت تا بە پشتیوانی بەڵگە و لە کاتێکدا هەموو شێوازەکانی برایەتی و هاوکاری دەپارێزێت و بەو شێوەیەی لە وانە قورئانییەکان دێتە دەر، لەوپەڕی ئاشتی و سڵامەتیدا خاڵە جیاوازەکان، بگۆڕدرێن بۆ خاڵی هاوبەش.
ئەوەی مسۆگەرە تاکەکانی موسڵمان لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کوفری جیهانیدا، بنەمای قورئانیی «اَشِدّاءُ عَلی الکُفّار، رُحَماءُ بَیْنَهُم» بکەنە چەقی بیرکردنەوە و وتن و کردەوەیان و بەم شێوەیە یەکێتی و یەکگرتوویی ئیسلامی بەدەست دێت. هەرکاتێک هەر یەکێک لەم دوو بەشەی ئەم پەیامە ئاسمانییە، لە قۆناغی کردەوەی موسڵمانان دوور بکەوێتەوە، ئەوانیش لەو پلەی عیززەتەی کە بە حەق لە مەدینەتولئیسلامدا بەدەستیان هێنابوو دوور دەکەونەوە، و ئەمە یاسایەکە کە لادانی لێ نابێت.
ئەم یاسایە یەکێکە لە بنەماکان و پەیامە بنەڕەتییەکانی شۆڕشی ئیسلامی. کاتی بەڕێوەچوونی یەکەم هەفتەی یەکگرتن دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ڕەشەممەی ١٣٥٦ی کۆچی هەتاوی و سەردەمی خەباتی دژی دەزگای ستەمکاری پەهلەوی؛ کاتێک ڕێبەری گەورەی شەهید (اعلی الله مقامهالشّریف) لە سەردەمی دوورخستنەوەی خۆی لە ئێرانشار، ئەم بیرۆکەیەی خستە ڕوو و شیعە و سوننە پێشوازییان لێ کرد. زوو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، بە تەگبیری بناغەدانەری کۆماری ئیسلامی حەزرەتی ئیمام خومەینی (قدّسسرّه الشّریف)، «هەفتەی یەکگرتن» بوو بە فەرمی. بە لوتفی خودای بەخشەر، پرسی یەکگرتن لە نێوان تاکی نەتەوەی موسڵمان، نموونەیەکی سەرکەوتووی لە نێوان نەتەوەی ئێراندا هەیە و پیلانەکانی دوژمنان کاریگەرییەکی زۆری لە ئاڕاستەی تێکدانی ئەوەدا نەبووە.
بەڵام بێگومان بەدکاران هەمیشە لە بۆسەی ئەم نیعمەتە گەورەیەدان. ئەوەی ئەوان هیوادار دەکات، زەقکردنەوەی ناکۆکییەکانە. ناکۆکییە بیر و بڕوایی و ئایینییەکان هەرچەندە لایەنێکی گرنگی مەبەستی دوژمنی ئیسلامە و زۆر دڵی بە بەکارهێنانی بەستووە؛ بەڵام تەنها بەوەوە ناوەستێت و هەوڵ دەدات جۆرەکانی جیاوازی ڕەگەزی، کلتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، و جوگرافی بە بیانوویەک بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان خەڵکی موسڵمان لە ئێران و لە هەر وڵاتێکی تری ئیسلامی بەکاربهێنێت تا لەم ڕوانگەیەوە، پارچە پارچەبوونی ئوممەتی ئیسلام و لاوازبوونی هێزەکەی ببینێت و لە دەرفەتێکی گونجاودا دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت.
فەرمانی قورئانی پیرۆز لەم حاڵەتانەدا لە ئایەتی پیرۆزی «وَ لا تَنازَعوا فَتَفْشَلوا و تَذْهَبَ ریحُکُم» ئاماژەی پێ کراوە؛ هەر بۆیە هەر تاکێک لە هەر پێگەیەک، هەر کارێک بکات کە ببێتە هۆی دابەشبوون لە نێوان موسڵمانان و لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا ناکۆکی دروست بکات، بە زانین یان بە نەزانین و بە خواستی خۆی یان بەبێ خواستی، مەبەستی دوژمنانی ئیسلامی جێبەجێ کردووە؛ و چۆن لەم ڕۆژگارەدا کەسێک دەتوانێت ئەم کردارە بە نەزانی و بێئاگایی خۆی لە قەڵەم بدات لە کاتێکدا ئێستا تاغوتەکانی جیهان و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکای تاوانبار، دەمامکە فریودەر و پووچەکانیان لە ڕووخساری ناشیرینی ئامانجە چەوسێنەریەکان و پیلانە ئیستکبارییەکان و دەسەڵاتخوازانەیان لابردووە و دەستکێشە مەخمەلییە فریودەرانەکانیان کەندووە و چڕنووکی خوێناوی خۆیان بە هەموو دنیا نیشان داوە؟
ئێستا کاتی ئەوەیە کە موسڵمانان بیر بکەنەوە و لە ڕووداوەکان وردتر ببنەوە. ئایا ئەگەر موسڵمانان دەستێکی یەکگرتوو بوونایە کە مستەکەی بە پتەوی گرێ دابوو، گەلی فەلەستین ئاوها بێپەنا، ڕووبەڕووی ستەم و تاوانی داگیرکەران دەبوونەوە؟ و ئایا ئەگەر گەلان و دەوڵەتانی دانیشتووی کەنارەکانی کەنداوی فارس، یەکێتی خۆیان لە ژێر ئاڵای ئیسلامدا پێک دەهێنا، ڕەجالە و کەسانی بێ هەویە و شوناس و گەندەڵ دەیانوێرا تا لە هەزاران کیلۆمەتر دوورترەوە چاوچنۆکی بۆ سەرزەوی و داراییەکانیان بکەن؟
ئامۆژگاری جەختکراوە و دووبارەی من بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و کەنارەکانی کەنداوی فارس ئەوەیە کە دوژمنی ڕاستەقینەی خۆتان بناسن ولە پیلانەکانی تێبگەن، و ڕووبەڕووی ببنەوە. چارەسەری کێشەکانی ئوممەتی ئیسلامی، یەکگرتن لە وتە، دۆستایەتی و هاوکارییە لە ڕێگەی خێر و چاکەدا. دەسەڵاتدارانی تاوانباری ئەمریکا و سیستەمی ساختەی زایۆنی دوژمنانی سوێندخواردووی ئەم یەکێتی و دۆستایەتییەن. ئەوان تەنها دوژمنی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران و بەرەی گەورەی خۆڕاگری ئیسلامی نین؛ بەڵکو لەگەڵ هەموو ئوممەتی ئیسلام و لەوانەش گەلانی ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا دوژمنایەتییان هەیە و لەمەدا تەنانەت دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەش کە زۆربەیان بە هاوکاری ئەوان دەژمێردرێن، لەمە بەدەر نین؛ هەرچۆن بێڕێزی ئاشکرا و بەکارهێنانی دەستەواژەی ناشیرین بەرامبەر بە هەندێک لە گەورەکانی وڵاتانی ئیسلامی لەلایەن سەرۆکەکانی ئیستکبار، لە بیرەوەری نزیکی ئێوە و ئێمەدا هەیە.
وانەی گرنگی یەکگرتن و نەبوونی ناکۆکی، وانەی یەکەمی ڕێبازی ئیسلامە لەبارەی جۆری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن و دۆست. بەڵام وانەی دووەمی، بەرگری کردنە لە یەکتر لە بەرامبەر کوفر و وانەی سێیەم، جۆرەکانی هاوکاری و بەهێزکردنی یەکترە لە پرسە جیاوازەکانی ژیانی ماددی و مەعنەوی موسڵمانان لە ڕووی سەروەت، ئاسایش، زانست و پێشکەوتنە کە کۆتایی ئەم ڕێگەیە، گەیشتن دەبێت بە شارستانیەتی نوێی ئیسلامی؛ هەر بۆیە یەکێتی لە نێوان موسڵمانان، بەردی بناغەی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی شارستانیەتی ئیسلامی عەزیز و زاڵ. ئەم پاکێجە چەمکی و فیکرییە کە ئاواتی ئێمە بۆ جیهانی ئیسلام تێیدا حەشار دراوە، بە نۆرەی خۆی تا ئاستێکی قبوڵکراو لە ئێرانی ئازیزدا، بووەتە واقعی و جارێکی تر ئامۆژگاری ئەم خزمەتکارە بۆ تاکەکانی گەل ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن هیچ ناکۆکییەک لە نێوانیاندا سەرهەڵبدات.
لە کۆتاییدا هیوادارم بە شەفاعەتی پێغەمبەری مۆکەڕەم و ماڵباتە پاکە بەڕێزەکەی (صلواتالله و سلامه علیه و علیهم)، سێبەری پڕ لە ڕەحمەت و بەرەکەتی لوتفی ئیلاهی بەسەر کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بکەوێت و ئەوان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە سێبەری کارکردن بە فەرمانە ئیلاهییەکان، پلەکانی گەشە و نەفس بەرزی زیاتر لە جاران ببڕن.
والسّلام علیکم و رحمةالله و برکاته
سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی
٨ی خەرمانانی ١٤٠٥،
١٧ی ڕەبیعولئەووەڵی ١٤٤٨