ڕێبەری شۆڕش: دوژمن بەنیازی لێکهەڵوەشاندنەوەی ئۆمەتی ئیسلامە
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەفتەی یەکێتی و یەکگرتوویی، جەختی کرد: دوژمن هەوڵ دەدات لە ڕێگای جیاوازیی نەتەوەیی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و جوگرافییەوە بڕ و بیانوو بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبەرەکی بنێتەوە لە نێوان خەڵکی موسڵمان لە ئێران و لە هەرهەموو وڵاتێکی دیکەی ئیسلامیدا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حسێنی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەفتەی وەحدەت، بە پیرۆزبایی ڕۆژی لە دایکبوونی حەزرەتی محەممەد مستەفا (ص) و ئیمام جەعفەر سادق (ع)، تیشک خستنە سەر ناکۆکیەکان لە پێناو لاوازکردنی ئۆمەتی ئیسلامی و زاڵبوون بە سەر ئەم ئۆمەتەی بە پلانی ناحەزان و دوژمنانی ئیسلام زانی و بە ئاماژەدان بە داماڵرانی دەمامکە فریودەرەکان لە سەر ڕووخساری جەنایەتکاری ئەمریکاوە، یەکگرتوویی ئومەتی ئیسلامی و بەرگریکردن لە یەکتری بەرامبەر بە کوفر و هاودەنگی و هاوکاری لە پرسە جۆراوجۆرەکانی ماددی و مەعنەوی بە بابەتێکی یەکجار پێویست و گرنگ هێنایە ئەژمار و ڕوو لە حاکمان و دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی جەختی کرد: حاکمانی جەنایەتکاری ئەمریکا و ڕژێمی ساختەی زایۆنی دوژمنی دەسەکاسەی یەکدەنگی و یەکگرتوویی ئیسلامی و هەر هەموو ئومەتی ئیسلامین بە گەلانی ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقاشەوە؛ بۆیە دوژمنی ڕاستینەتان بناسن و پیلان و پلانەکانی بەرپەرچ بدەنەوە. ڕێبەری شۆڕش بە ئاماژە بەوەی کە یەکگرتوویی نێوان چین و توێژەکانی گەلی موسڵمان نموونەیەکی سەرکەوتووی لە نێو نەتەوەی ئێراندا بەدی دەکرێ و پیلانەکانی دوژمنان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە تێکدانیدا نەبووە، پێیشیداگرت؛ بێگومان ناحەزان بەردەوام پیلان دەگێڕن بۆ نەهێشتینی ئەم نیعمەتە و هەوڵدەدەن هەموو جۆرە جیاوازییەکی نەتەوەیی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و جوگرافیایی بکەنە بیانوو بۆ ناکۆکی و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان خەڵکی موسڵمان لە ئێران و لە هەر وڵاتێکی دیکەی ئیسلامیدا، بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە بتوانن خەونی پارچە پارچەبوونی ئۆمەتی ئیسلامی و توانەوەی وزە و هێزەکانی بێننەدی، کە هەلێکیان بۆ ڕەخسا خێرا دەسەڵاتی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن.ڕێبەری شۆڕش جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە موسڵمانان قووڵتر تێفکرن و بە وردبینییەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن. ئەگەر موسڵمانان تاکە دەستێک بوونایە بە مشتێکی قورسی گورچکبڕ، ئایا گەلی فەلەستین ئاوها بێ کەس و بێدەرەتان لە لایەن داگیرکەرانەوە تووشی چەوساندنەوە دەبوو؟ ئایا ئەگەر گەلان و حکومەتەکانی وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس لە ژێر ئاڵای ئیسلامدا یەکگرتوویی خۆیان بتەوتر دەکرد، ئەو ناپیاوە بێ ویژدان و فاسدانە دەیانوێرا لە هەزاران کیلۆمەتر ئەولاترەوە تەماح بکەنە خاک و سەروەت و سامانیان؟لە پەیامی ڕێبەری شۆڕشدا هەروەها هاتووە کە ئیسلام و ئۆمەتەکەی هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا، دوای تێپەڕین بە کاتە سەخت و پڕ هەوراز و نشیوەکاندا گەیشتوونەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە. ئەمڕۆ موسڵمانان دەتوانن ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر و مێژووسازی بگێڕن. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە ئاسۆی سەرکەوتنی یەکجاریی حەق و حەقیقەت بەسەر باتڵ و درۆدا، و ئیسلام بەسەر کوفردا، زۆر زیاتر لە هەر کات و ساتێکی دیکە و لە هەر زەمان و سەردەمێکی تر نزیک بووەتەوە لە واقیع.