عامری: گەرەنتی ئەوە دەکەین هیچ شەڕێک لە نێوان حکومەت و خۆڕاگری ڕوونادات
هادی عامری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی بەدری عێراق پێیداگرت کە هەرگیز هیچ شەڕێک لە نێوان حکومەت و خۆڕاگری ڕوونادات.
عامری هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کەسانی گەندەڵ بڕیارێکە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەری ڕێککەوتووە و ئێمەش پشتیوانی لە سەرۆکی حکومەت دەکەین.عامری لە وتارەکەیدا لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدبوونی سەید محمد باقر حەکیم کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕووماڵی کردبوو، ڕایگەیاند: “هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە هیچ شەڕ و پێکدادانێک لەنێوان حکومەت و بەرخۆدان ڕوونادات”. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە “پاوان کردنی چەک لە دەستی حکومەت ئامانجێکی ڕەوای نیشتمانی و دەستورییە و بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەهێزە کە توانای پاراستنی عێراق و بەرگری لە ئاسایش و سەروەری و کەرامەتی وڵاتەکەمانی هەبێ”. عامری پیشیداگرت کە “پاوان کردنی چەک لە دەستی حکومەت بڕیارێک نییە لە دەرەوەی وڵات درابێ، بەڵکو بڕیارێکی تەواو عێراقییە”.