شوبات 09, 2019 19:51 Asia/Tehran
  • یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ شەممە 09/02/2019 مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق کۆبووە و لە دوای کۆبوونەوەکە، وتەبێژەکەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.

"سەعدی ئەحمەد پیرە"، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: "جەخت لەسەر ئەو سێ خاڵە کرایەوە کە لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی لەسەری رێککەوتین کە دارایی، بازرگانیی، پشتبەستن بە نەوت، هەماهەنگی پارتی و یەکێتی، هێزەکانی پێشمەرگە، پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان دەگرێتەوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی کەرکووک رایگەیاند: "کەرکووک لە رەوشێکی نەخوازراودایە و دەبێت چارەسەر بکرێت، ئێستا کاتی ئەوە نییە باس لەوە بکەین کە خەتای کێیە، ئەوە دەبێت مێژوونوسان و خەڵک بڕیاری لەسەر بدەن".

ناوبراو گووتیشی: "ئەنجوومەنی کەرکووک کۆدەبێتەوە، بەڵام بە هەڵە باس لە شوێنی کۆبوونەوەکە کراوە کە گوایە لە هەولێر دەبێت، ئەوە ئیشی ئەنجوومەنەکە خۆیەتی شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری بکات".

لە وەڵامی پرسیاری کوردستان24 لەبارەی رێککەوتنامەی پارتی و یەکێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: "بەم نزیکانە رەشنووسی رێککەوتنەکە تەواو دەکرێت و ئەو ئەرکە بە من و مەحمود محەمەد سپێردراوە. رەنگە تا ئێوارەی رۆژی داهاتوو تەواو بەکرێت". 

وتەبێژەکەی یەکێتی گووتیشی:"یەکێتی و گۆڕان کۆدەبەنەوە و بەم نزیکانە وەفدی یەکێتی دیاری دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە".