May 01, 2024 10:45 Asia/Tehran

میدیاکانی ڕژیمی زایۆنیست شەوی ڕابردوو ڕایانگەیاند کە بە هەزاران ناڕازی زایۆنیست دیسانەوە ڕژانە سەر شەقامەکانی تلاویڤ و هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان بەدژی نەتانیاهۆو کابینەکەی خوازیاری کشانەوەی دەسبەجێی حکومەتەکەی ناوبراویش بوون.

کەناڵی دوازدەی ڕژیمی زایۆنیست ڕایگەیاند کە ئەو ناڕازیانە خوازیاری ئازادکرانی گیراوە زایۆنیستەکان و دیلە فەلەستیەکان بوون و کابینەکەی نەتانیاهۆشیان تۆمەتبار کرد بە بێ دەسەڵاتی لە وتووێژ لەگەڵ لایەنە فەلەستینیەکان و خوازیاری کشانەوەی دەسبەجێی حکومەتەکەی ناوبراویش بوون.

ئەو خۆپیشاندانە لەدوای ئەوە دێتە ئاراوە کە گوردانەکانی شیهید عیزەدین قەسام لقی سەربازی حەماس دوێنێ دوو ڤیدیۆیان لە دوو گیراوی زایۆنیست بڵاو کردەوە کە تێیدا وریاییان دابوو پەلاماردانی سەربازیانەی غەزە لەلایەن ڕژیمی زایۆنیستیەوە هیچ یارمەتیەک ناداتە ئازادبوونیان و تەنانەت گیانیشیان دەخاتە مەترسیەوە.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمەش بنەماڵەی ئەو گیراوانە وریاییان دایە کابینەی ئەو ڕژیمە کە هەڵکوتانە سەر ڕەفەح دەبێتە هۆی گیرانی زۆرتری زایۆنیستەکان و کوژرانیان، هەربۆیە ئەو ڕژیمە دەبێ لەنێوان پەلاماردانی ڕەفەح و گەڕاندنەوەی گیراوە زایۆنیستەکان یەکێکیان هەڵبژێرێ.

سەرپەیڤ