تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 18:00 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکانی توزخورماتو لە سەر پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی ھاوبەش بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

لایەنە کوردستانییەکانی لە ناوچەی جێی ناکۆکیی توزخورماتو لە کۆبوونەوەیەک دا لە سەر پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی ھاوبەش بۆ بەشداری کردن لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەم ناوچەیەدا، ڕێک کەوتن.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، مەلا کەریم شکور بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق لە توزخورماتو ڕایگەیاند: لایەنە کوردستانییەکان لە توزخورماتو دانیشتنێکیان کردووە بۆ لێکدانەوەی چۆنیەتیی بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەم ناوچەیەدا.

ناوبراو وتووشیەتی: دانیشتنەکەیان گەلێک ئەرێنی بووەو لە ئەنجام دا لایەنەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق و پارتی کۆمۆنیست لە بارەی پێکھێنانی ھاوپەیمانی و دابەزین بە لیستێکەوە بە مەبەستی بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای توزخورماتو پێکەوە ڕێککەوتوون.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە دانیشتنەکە لە نووسینگەی پارتی لە ناوچەی کەلاردا بەڕێوە چووە، وتیشی: ئەم لایەنانە بە لیستێکی ھاوبەش پاڵێوراوێک بۆ کورسیی کورد لەو ١٣ کورسییەی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەددین دەستنیشان دەکەن.

پێشتریش لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکوک ھاوپەیمانییەکی ئاوایان بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئەم پارێزگایە پێکھێنا بوو.

ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە پێی پەسەند کراوەیەکی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بڕیارە لە یەکەمی ئاپریلی ٢٠٢٠ی زایینی بەڕێوە بچێت.