تشرینی دووه‌م 08, 2019 08:16 Asia/Tehran
  • نوێنەری ئێران لە ئاژانس: ئێران سەبارەت بەئاسایشی دامەزراوە ناڤۆکییەکانی لەگەڵ هیچ وڵاتێک وتووێژ ناکا

باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت لەسەر ئاسایشی دامەزراوە ناڤۆکییەکانی دانوستان ناکا.

"کازم غەریب ئابادی" باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەننا رۆژی پێنج شەممە پاش بەشداربوون لە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بەئاماژە بەپێش گرتنی بەرپرسانی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە چوونی یەکێک لە پشکێنەرانی ئاژانس بۆ ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز، وتی: ناتوانین هێمنایەتی و ئاسایشی دامەزراوە ناڤۆکییەکانی ئێران بەهیچ لەونێک بخەینە بەر وتووێژ.

ناوبراو وتی: ڕاپۆرێکی تۆکمەو تەواو لە هاتنی پشکێنەرێکی ئاژانس بۆ ناوەندی ناڤۆکیی نەتەنز هەتا چوونەدەری لە ئێران، بە ئاگاداریی ئەندامانی ئەنجومەن ڕاگەیێندراوەو جەخت کراوە لەسەر ئەوەی کە ئێران لەوبارەوە داڵغەی ئاسایشی هەیە.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرێک ڕایگەیاند؛ بەشێوەی ئاسایی هەموو کەلوپەل وشتومەکی پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، لەدەسپێکی هاتنیان بۆهەرکام لە ناوەندە ناڤۆکییەکان پشکنینی لەسەر دەکرێ و دەخرێتەژێر چاودێری، بەڵام لەکاتی هاتنی یەکێک لە پشکێنەران، کەرەستەی چاودێریی، هێمای وشداریی پێشانداوە بۆیە، وێڕای کۆنترۆڵ کردنی کەلوپەلی ئەو پشکێنەرە، پێش گیراوە بەچوونی بۆ ناوەندی نەتەنز و ئەوەش بەئاگاداریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیێندراوە.

بەقسەی غەریب ئابادی ، ئێران خوازیاری هاوکاری ئاژانس بووە بۆ درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکان لەوبارەوە.