ئاب 01, 2020 08:48 Asia/Tehran
  • حکومەتی ئه‌فغانستان 500 زیندانیکراوی تاڵیبانی ئازاد کرد

دوای راوه‌ستانی شه‌ڕ بۆماوه‌ی سێ رۆژ و به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌، له‌نێوان حکومه‌ت ئه‌فغانستان و بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری تاڵیبان، دوێنێ هه‌ینی ئه‌شڕه‌ف غه‌نی سه‌رۆکی ئه‌فغانستان بڕیاریدا به‌ ئازادکردنی 500 چه‌کداری تاڵیبان.

 له‌ چوارچێوه‌ی رێککه‌وتنی ئاشتی و ئاگربه‌ستی نێوانیان، ئه‌شڕه‌ف غه‌نی بڕیاریداوه‌ 500 چه‌کداری تاڵیبان ئازاد بکات و راشیگه‌یاندوه‌، وه‌ک ده‌رخستنی نیازپاکیه‌ک بڕیاریانداوه‌ زیندانیکراوه‌کانی تاڵیبان ئازاد بکه‌ن.

ئازادکردنی زیندانیکراوه‌کان له‌کاتێکدایه‌ تاڵیبان داوایکردوه‌ پێنج هه‌زار چه‌کداری ده‌ستگیرکراویان ئازاد بکرێت که‌ له‌ئێستادا چوار هه‌زار و 600 که‌سیان له‌زیندانه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی ئه‌فغانستان ماون. 

پێشتریش، سوهه‌یل شاهین، وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان، له‌تویتێکدا له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی رایگه‌یاندبو، "تاڵیبان ئاماده‌یه‌ راسته‌وخۆ له‌دوای جه‌ژنی قوربان، ده‌ست به‌دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ئه‌فغانستان بکات، له‌حاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر ته‌واوی زیندانیکراوه‌کانمان ئازاد بکه‌ن".

جه‌ژنی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ، بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان ئاگربه‌ستی راگه‌یاند و بڕیاریدا هیچ هێرشێکی سه‌ربازی دژ به‌حکومه‌تی ئه‌فغانستان راده‌گرن، پاشانیش ئه‌شره‌ف غه‌نی، سه‌رۆکی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، له‌قۆناغی یه‌که‌می پرۆسه‌ی ئاشتیدا دو هه‌زار چه‌کداری تاڵیبان ئازاد ده‌که‌ن.29ی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ رێککه‌وتنی ئاشتی نێوان  ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا و تاڵیبان له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر واژۆکرا، به‌گوێره‌ی رێکه‌وتنه‌که‌ش، حکومه‌تی کابوڵ شه‌ش هه‌زار به‌ندکراوی تاڵیبان ئازادده‌کات، له‌به‌رامبه‌ردا تاڵیبان سه‌رجه‌م به‌ندکراوه‌کانی حکومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ئازاد ده‌کات.

سەرپەیڤ

بۆچوونت