Jan 14, 2019 20:45 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی فەڕانسە گەیشتە بەغداو سەردانی هەولێر ونەجەفیش دەکا

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە سەردانی بەغدای کرد، ئەو شوێنەی بڕیارە لەگەڵ هاوشانە عێراقییەکەی و سەرۆکی سێ دەزگەکەی ئەو وڵاتە دیدار بکاو پاشانیش بەرەو هەولێر ونەجەف بکەوێتە ڕێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەو لە سومرییە نیوز، "ژان ئیڤ لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕانسە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی سەردانێکی فەرمی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری بەغدای پایتەختی عێراق هەتا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدار و وتووێژ بکات.

هەرلەوئاراستەشدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە ئامانج لە دیدارەکانی وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لەبەغدا، تاووتوێی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات و پەرەپێدانی لەبواری ئابوری و ئاسایشییە.

لەلایەکی دیکەوە، سەنەدێک کە دەگوترێ هاوپێوەندە بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەرنامەی پێشنیارکراوی سەفەری لۆدریان و شاندی هاوڕێی پێشان ئەدا کە بەگوێرەی، ناوبرا لە بەغدا بەریز لەگەڵ عادڵ عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران، محەممەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و محەممەد حەلبوسی ، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دیدار دەکا.

لە سەنەدی ناوبراودا هەروەها هاتووە کە وەزیری دەرەوەی فەڕانسە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ بەرەو هەولێری کوردستانی عێراق دەکەوێتەڕێ و پێش نیوەڕۆی سبەینێش ئەو شارە بەرەو نەجەفی ئەشرەف جێ دێڵێ و زیارەتی گڵکۆی ئیمامی عەلی(ع) دەکاو بەنیازە پێش ئەوەش لەگەڵ ئایەتوڵڵاعوزما سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دیدار بکا، بەم حاڵەش، هێشتا ئەنجامگرتنی ئەو چاوپێکەوتنە یەکلانەبووەتەوە.

بۆچوونت