May 04, 2020 18:35 Asia/Tehran
  • لۆمۆندی فڕه‌نسی: کۆرۆنا کۆتایی به‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر جیهانه‌وه‌ دێنێت

ڕۆژنامه‌ی لۆمۆندی فڕه‌نسی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و دووپات له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی به‌و سیسته‌مه‌ جیهانییه‌ دێنێت، که‌ له‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه‌ دروست بووه‌ و ئه‌مه‌ریکا سه‌رکردایه‌تی ده‌کات، ئه‌وه‌یش ده‌خاته‌ ڕوو، که‌ وڵاتان چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاری گه‌وره‌ ده‌که‌ن و دووباره‌ سیسته‌می هێز دابه‌ش ده‌کرێته‌وه‌ و ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێسته‌ هه‌یه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ره‌س دێنێ و بوونی نامێنێت.

 

له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی ڕۆژنامه‌که‌ هاتووه‌، گۆڕانکارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌کانی کۆتایی سیسته‌می ئێسته‌ی جیهان به‌ ته‌واوی ده‌رکه‌وتوون و ئه‌وه‌یش لای هه‌مووان ڕوونه‌ که‌ ئێسته‌ ئه‌مه‌ریکا پاشه‌کشه‌ی گه‌وره‌ی کردووه‌ له‌ سه‌رکردایه‌تیکردنی جیهان و ئه‌و سیسته‌مه‌ی که‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان بۆ مه‌زنی و له‌ لووتکه‌ هێشتنه‌وه‌ی خۆی بنیاتی نا.

ئاماژه‌ دراوه‌، که‌ ئیتر سه‌ده‌ی بیسته‌م نه‌ماوه‌ و جیهان ئێسته‌ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدایه‌ و گۆڕانکارییه‌کانیش زۆر خێران، هه‌موو نیشانه‌کان دووپات له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ سیسته‌می ئێسته‌ی جیهان که‌ ئه‌مه‌ریکا خۆی به‌ سه‌رکردایه‌تی ده‌زانێت، به‌ که‌ڵکی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک نایه‌ت و پێشکه‌وتنی زۆر هاتوونه‌ته‌ دی و ئابووری زۆربه‌ی وڵاتان و چه‌ک و ته‌کنه‌لۆجیا به‌ ته‌واوی گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌ و چیتر جیهان پێویستی به‌ ته‌نیا به‌ ئه‌مه‌ریکا نابێ، تا له‌ ترۆپکی سیاسه‌تی جیهان بمێنێته‌وه‌ و وه‌ک سه‌رکرده‌ و مه‌زنی گۆی زه‌وی ڕه‌فتار بکات.

ئه‌و ته‌نگژانه‌ی له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مه‌وه‌ تا ئێسته‌ به‌رده‌وامیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ریکا و که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی و سیاسه‌تی نادروستی هۆکاری زۆربه‌ی گرژی و ته‌نگژه‌ و کێشه‌کان بووه‌، ته‌نگژه‌ی ئێسته‌یش که‌ به‌هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ به‌رۆکی مرۆڤایه‌تی گرتووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ریکا لێی به‌رپرسه‌ و ئێسته‌یش خۆی گه‌وره‌ترین زیانی پێگه‌یشتووه‌، به‌هۆی نه‌شیاوی له‌ سه‌رکردایه‌تیکردنی جیهان، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان خۆیان ددان به‌وه‌ بنێن، که‌ چیتر ئه‌وان به‌ ته‌نیا سه‌رکردایه‌تی جیهان ناکه‌ن و ناشتوانن ئیتر ئه‌م کاره‌ بکه‌ن و به‌وشێوه‌یه‌ پێناسه‌ی خۆیان بکه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ده‌سبه‌رداری ئه‌و وه‌همه‌ ببن و جیهانێکی یه‌کسان و ئازاد دروست بکرێته‌وه‌.

ڤایرۆسی کۆرۆنا بووه‌ته‌ گورزێکی یه‌کجار گه‌وره‌ و کوشنده‌ که‌ به‌ جیهان به‌ گشتی و یه‌کێتیی ئه‌وروپای هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریکا به‌ تایبه‌تی و ئه‌مه‌ریکایش به‌ پله‌ی یه‌که‌م که‌وتووه‌، زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌کێتیی ئه‌وروپا دۆخی ئابوورییان ڕوو له‌ هه‌ره‌سی گه‌وره‌یه‌ و یه‌ده‌گی پێویستیان نییه‌، بۆ کاریگه‌رییه‌کانی دوای کۆرۆنا پشتی پێ ببه‌ستن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا که‌ به‌ پشتیوانی ئه‌وروپا بووه‌ به‌ سه‌رکرده‌ی جیهان، ئیتر ئه‌و پشتیوانییه‌ی ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو له‌ که‌مبوونه‌ و وڵاتێکی وه‌کوو ئیتاڵیا که‌ له‌ نێو یه‌کێتیی ئه‌وروپایه‌، ئێسته‌ زۆرترین مه‌یلی به‌ره‌و جه‌مسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی هێزه‌ و خه‌ریکه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا دوور ده‌که‌وێته‌وه‌ و پلانیش بۆ ئه‌وه‌ داده‌ڕێژن.

ئێسته‌ و دوای کۆتاییهاتنی په‌تای کۆرۆنا، پێشبینی ده‌کرێ پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ورد به‌ په‌یکه‌ری یه‌کێتیی ئه‌وروپا بکرێ و به‌ره‌و پاشه‌کشه‌ی گه‌وره‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت، ئه‌مه‌یش له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ دێ، که‌ یه‌کێتییه‌که‌ و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌کانی نه‌یانتوانی به‌ شێوه‌یه‌کی یه‌کسانانه‌ پشتیوانی له‌ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ نێو یه‌کێتییه‌که‌ بکه‌ن، ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی جیاوازی گه‌وره‌ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی وڵاتان له‌ یه‌کتر و بیرکردنه‌وه‌ له‌ ده‌رچوون و چوونه‌ پاڵ هێز و ده‌وڵه‌تی تره‌وه‌.

له‌باره‌ی هۆکاره‌ سیاسییه‌کانی ئه‌و پاشه‌کشه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر یه‌کێتیی ئه‌وروپا هه‌یه‌، ڕۆژنامه‌که‌ نووسیویه‌تی گه‌شه‌سه‌ندنی چین و ئابوورییه‌ به‌هێزه‌که‌ی، جیا له‌ ته‌نگژه‌ی ته‌ندروستی و په‌تا، بووه‌ته‌ هۆکارێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ تێکدانی سیسته‌می ئێسته‌ی جیهان، ئه‌وه‌ی ئێسته‌یش له‌ ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی ڕوو ده‌دا، که‌ چین به‌ ته‌نیا پشکی شێری بودجه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، نموونه‌یه‌کی ڕوونه‌، بۆ ئه‌و پاشه‌کشه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌ ڕابه‌رایه‌تی جیهان ده‌یانکرد.

له‌ کۆتایی ڕاپۆرته‌که‌ که‌ پێگه‌ی "عربی 21" کردوویه‌تی به‌ عه‌ره‌بی، هاتووه‌: ئه‌گه‌ر په‌تای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوه‌یه‌کی زیاتر بمێنێته‌وه‌ و درێژه‌ بکێشێ و نه‌توانرێ ڤاکسین بۆ له‌ناوبردنی بدۆزرێته‌وه‌ و به‌ خێرایی دۆخی جیهان ئاسایی بکرێته‌وه‌، مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ که‌ ناکۆکی و بۆشایی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا "ئه‌مه‌ریکا و یه‌کێتیی ئه‌وروپا" له‌لایه‌ک و وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌کێتیی ئه‌وروپا له‌لایه‌کی تره‌وه‌، په‌ره‌سه‌ندنی گه‌وره‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن.

ئێسته‌ ژماره‌ی تووشبووانی کۆرۆنا له‌ جیهان نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ سێ ملیۆن و 600 هه‌زار که‌س، له‌و ڕێژه‌یش دا نزیکه‌ی ملیۆنێک و 200 هه‌زار تووشبوو له‌ ئه‌مه‌ریکا تۆمارکراون، کۆی گشتی ڕێژه‌ی مردووانیش گه‌یشتووه‌ته‌ نزیکه‌ی 250 هه‌زار که‌س و 68 هه‌زار له‌ مردووان له‌ ئه‌مه‌ریکان، پێشتریش زانایان و بیرمه‌ندان دووپاتیان له‌وه‌ کرده‌وه‌، که‌ جیهانی دوای کۆرۆنا به‌ ته‌واوی جیاواز ده‌بێ و هه‌موو ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ستراتیجییانه‌ی پێشوو له‌ نێوان وڵاتان هه‌بوون، به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌چن و جیهانی گۆڕانکاری ڕیشه‌یی له‌ دوای کۆرۆنا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

(لە ماڵپەڕی وشە وە وەرگیراوە)

 

بۆچوونت