Nov 08, 2019 16:11 Asia/Tehran
  • گردبوونەوەی ناڕەزامەندانەی خوێندکاران و قوتابیان لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەی لوبنان

خوێندکاران و قوتابیانی لوبنانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کەم و کوڕیی کەشی فێرکاریی دەوڵەتی، وەرگرتنی بڕی پارەی زۆر لە قوتابخانە نادەوڵەتیەکان و سیستەمی فێرکاری، لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەو بارهێنانی لوبنان گردبوونەوە.

بەپێی ڕاپۆری رۆژی هەینیی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، "ئەکرەم شوهەیب" وەزیری پەروەردەو بارهێنانی لوبنان رۆژی پێنج شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا داوای لە قوتابیان و خوێندکارانی ئەو وڵاتە کرد، پۆل و ژوورەکانی خوێندنیان دانەخەن و پاش کۆتایی کاتی فێرکاری گردبوونەوەکانیان بەڕێوە ببەن.

وەزیری پەروەردەو بارهێنانی لوبنان لەهەمان کاتدا بە وشدارییدان لەبارەی دروشمی تایفی و حیزبی وتی: نابێ دروشمی ئاژاوەگێڕانە، ڕەوتی داواکارییە ڕەواکانی ناڕازییان بەلاڕێدا ببات.

کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلحەدەسیش هەواڵی گردبوونەوەی خۆپێشاندەرانی لوبنانی لەبەردەم ماڵی "ندا بوستانی" وەزیری وزەی حکومەتی لەکارکشاوەی لوبنان و دانی دروشم لەدژ سیاسەتی هەڵەی ئابوریی ناوبراوی بڵاو کردەوە.

خۆپێشاندەران هەروەها لەبەردەم ماڵی "نیهاد مەشنوق" وەزیری ناوخۆی پێشووی لوبنان گردبوونەوەو ڕایانگەیاند، بەنیازن لەمەودوا لە بەردەم ماڵی کەسایەتییە سیاسی، و حکومەتییەکان و وەزیران گردببنەوەو ناڕەزایەتی دەرببڕن بەسیاسەتی هەڵەی ئابوریی ئەوان.

لوبنان لە١٧ی ئۆکتۆبرەوە تائێستا شایەتی خۆپێشاندانی جەماوەرییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی پیتاکدان و قەیرانی ئابوری.

بۆچوونت