• هیومان ڕایتس وۆچ: هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تاکتیکی سەرکوتکارانەیان دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بەکارهێناوە

هیومان ڕایتس وۆچ رایدەگەیەنێت، لە خۆپیشاندانەکانی ماوەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان گازی فرمێسک رێژ دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە، هاوکات 84 خۆپیشاندەر و چوار رۆژنامەنووس دەستگیرکراون، دەشڵێت، " هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تاکتیکی سەرکوتکارانەیان دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بەکارهێناوە".

 

هیومان ڕایتس وۆچ، رێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، راپۆرتێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی هەرێم بڵاوکردەوەو رایگەیاند، "هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی (مانگی ئازار/3) هەستاون بە دەستگیرکردنی لانیکەم 84 خۆپیشاندەرو چوار ڕۆژنامەنووس، دەریشکەوتووە زۆرێک لە دەستگیرکردنەکان هەڕەمەکی بوون".

رێکخراوەکە لەراپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دەستگیرکراوەکان بە خۆپیشاندانی مەدەنی داوای مافەکانیان کردووە، 12 شایەتحاڵ وتیان، هێزە ئەمنیەکان لەکاتی هەوڵی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران لەکاتی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئاکرێ و دهۆک و هەولێر لە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەریان داوە".

 هیومان ڕایتس ۆوچ رونیشیکردووەتەوە، ڕاپۆرتی دەستگیرکردنی لە شارەکانی شیلادزێ و سۆران و زاخۆشی بەدەست گەیشتووە.هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها دەڵێت، "هێزە ئەمنیەکان زەبرو زۆری نایاسایی و هەڕەشەیان بەکارهێناوە بۆ ناچارکردنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان لە کردنەوەی تەلەفۆنەکانیان و ئاشکراکردنی پاسۆردی فەیسبووکەکانیان".

لەوبارەیەوە لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاندووە، ''دەردەکەوێت تاکتیکی سەرکوتکاری هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکان بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزاییەکان بێت، ئەمە سەرەڕای بانگەشە فەرمیەکانیان لە ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە، ئەوە نیشانەی سەرکوتکاریە کاتێک دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن بە زۆر خەڵکی ناچار بکەن لە واژوکردنی وازهێنان لە مافە بنەڕەتیەکانیان لە خۆپیشاندان کردن.

''25ی مانگی رابردوو خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، داوایانکرد سیستمی پاشەکەوتی مووچە کۆتایی پێبهێندرێت و مووچەکانیان لەوادەی خۆیدا پێبدرێت.  

Apr 17, 2018 19:26 Asia/Tehran
بۆچوونت