کانونی یه‌که‌م 06, 2019 11:08 Asia/Tehran
  • وەزارەتى پێشمەرگە بۆ رووبەروبوونەوەى داعش سێ فەوجى پێشمەرگە رەوانەى گەرمیان دەکات

وەزارەتى پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەروبوونەوەى داعش سێ فەوجى پێشمەرگە بە چەکى قورسەوە رەوانەى گەرمیان دەکات.

دواى سەرهەڵدانەوەى چالاکییەکانى چەکدارانى داعش لە سنورى پارێزگاى دیالەو بەتایبەت لە سنورى خانەقین و کوڵەجۆى سەر بە قەزاى کفرى وەزارەتى پێشمەرگە بڕیاری رەوانەکردنى هێزى پێشمەرگەى بۆ ئەو ناوچانە دەرکرد.

بە پێی راپۆرتی شارپرێس، بەیانى ئەمرۆ هەینى سێ فەوجى هێزەکانى پێشمەرگە بەچەکى قورسەوە رەوانەى سنورى کوڵەجۆ لە سنورى گەرمیان کرا بەمەبەستى رووبەرووبوونەوەى داعش.

هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم بۆ کاروبارى سەربازى و فەرماندەى هێزەکانى ٧٠ و ژمارەیەک لە فەرماندەکانى دیکەى پێشمەرگە لە سنورەکەن بۆ دانانى نەخشەو پلانى رووبەرووبوونەوەى ئەو چەکدارانە.

لەماوەى دوو هەفتەى رابردوودا چەکدارانى داعش لە دوو چالاکییدا سێ ئاسایش و سێ پێشمەرگەیان لە سنورى کوڵەجۆى سەر بە قەزاى کفرى شەهید کردوە.

لەسەر ئەو هێرشانەش هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە داوایان لە هاوپەیمانان کردوە بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ لەناوبردنى داعش لە سنورى ناوچە جێ ناکۆکەکان.

هەروەها جەختیشیان لەوە کردوەتەوە، داعش بەو چالاکیانە سەلماندى کە خەریکى خۆ رێکخستنەوەیە کە لەدژى گەلى عێراق و هەرێمى کوردستان چالاکی ئەنجام بداتەوە.

بۆچوونت