وتەبێژی ئەرتەشی ئێران: ئامادەین بۆ هەر باروودۆخێک
وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر چەشنە هەڕەشە و مەترسییەکن.
ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمینیا، وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئاماژە بە هەڵەی موحاسەباتی دوژمن بەرامبەر بە ئێران وتی: دوژمن بە هۆی هەڵەکردنی لە پلان و پێشبینییەکاندا پێی وا بوو لە ماوەی چەند ڕۆژدا هەموو توانای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیادەبات و ئامانجەکانی خۆی لە وڵاتی ئێمەدا دێنێتە دی، بەڵام خۆڕاگریی هێزە چەکدارەکان و بەرخۆدانی گەلی ئێران هەموو ئەم موحاسبات و پلان و پێشبینییانەی دوژمنی تێک دا. وتەبێژی ئەرتەشی ئێران وتیشی: دوژمن نەک هەر لە تیابردنی توانای ئەتۆمی، توانای مووشەکی و بەرەی خۆڕاگری هیچ دەستکەوتێکی نەبوو، بەڵکو لە دەستڕاگەیشتن بە ئامانجە گەورەترەکانیشی هەر شکستی هێنا. ئەکرەمی نیا ئیمان، ویست و ورەی بەرز و گیانی خۆڕاگرانەی هێزە چەکدارەکانی لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرگە گرتنیان بەرامبەر بە هەڕەشە و مەترسییەکان زانی و دەوری خەڵکیشی لە بەهێزکردنی ویست و ورەی هێزەکانی بەرەڤانیی وڵات بە گرینگ وەسف کرد. ئەمیر سەرتیپ ئەکرەمی نیا هەروەها بە ئاماژە بە بارودۆخی ئێستای ئەمریکا ڕاشیگەیاند: سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لایەکەوە لە ژێر گوشاری زایۆنییەکاندایە بۆ شەڕاشۆییەکی تازەی دژ بە ئێران، و لە لایەکی دیکەشەوە بەرەوڕووی گوشاری خەڵک بۆتەوە لە ناوخۆی ئەمریکا کە نەیاری شەڕی دژ بە ئێران. کۆی ئەم بارودۆخە کەشی بڕیاردانی بۆ حکوومەتی ئەمریکا ئاڵۆزکاو و دژوار کردووە. وتەبێژی ئەرتەشی ئێران لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام هەموو ڕووداو و مەترسییەکانیان لە ژێر چاودێریدایە، بەردەوام ئاستی توانای بەرەوانیی خۆیان بەرز دەکەنەوە و ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەلومەرجێک و هەر بارودۆخێک.