رووفاتی ٢٥ قوربانیی ژینۆسایدی ئێزدییەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێ
ڕووفاتی ٢٥ کەس لە قوربانیانی ژینۆسایدی ئێزدییەکان پاش تۆکمەکرانی قۆناخەکانی ناسینەوەو ئەنجامدانی تاقیکاریی دی ئێن ئەی، لە بەغداوە دەگوێزرێنەوە شنگاڵ و رادەستی خێزانەکانیان دەکرێن.
لەکۆی ئەو تەرمانەی لەو قۆناخەدا ڕادەست دەکرێن، شازدە کەس لە قوربانیانی گوندی کوچۆ، چوار کەس لە گوندی هەردان و دووانیان سەر بە گوندی تەل بناتن. سێ کەسی دیکە لە قوربانییەکان، خەڵکی ناوچەکانی سولاغ، وەردیەو بوریک بوون.
بەڕادەست کرانی ڕووفاتی ئەو تاقمە لە قوربانیان ، ژوماری ڕووفاتی قوربانیانی ژینۆسایدی شنگال کە لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە تاکوو ئێستا ناسراون و گەڕێندراونەتەوە زێدەکەیان، بۆ سێ سەدو بیست و یەک کەس زیاد دەکرێ.
چالاکوانان و کەسوکاری قوربانیان خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووسی تێکڕای ئەو ئێزدیانەن کە لەئاکامی هێرشی داعش بۆسەر شنگال بێ سەروشوێن بوون یان ڕفێندراون و هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە لەدەستدا نیە.