تشرینی یه‌که‌م 17, 2019 16:59 Asia/Tehran
  • جوڵانی سوپای سووریا بەرەو خاڵی سیفری سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا

ھێزەکانی سوپای سووریا لەپاش کۆنترۆڵ کردنەوەی شاری کۆبانی خەریکی جوڵەکردنە بەرەو ناوچەی «سەوقولھال» لە باکووری ئەم شارەو لە مەودای سەد کیلومەتری خاڵی سیفری سنوورەکان لەگەڵ تورکیا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی وەتەن دەوڵەتی ناوەندیی سووریا پاش حەوت ساڵ توانیویەتی جارێکی تر کۆنترۆڵی بەشگەلێکی باکووری ئەم وڵاتە لە ھێڵە سەرسنوورییەکانی لەگەڵ تورکیا بگرێتە دەست.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلوەتەن، لە ئێستادا ئاڵاکانی سووریا لە تەواوی ناوچە سەرسنوورییەکانی ئەم وڵاتە لەگەۆ تورکیا ھەڵکراوە.

سوپای سووریا ڕۆژی ڕابردووش گەییشتە شاری کۆبانی لە سنووری ئەم وڵاتە لەگەڵ تورکیا، بەرلەمە کۆنترۆڵی تۆکمەو تەواوی شاری منبەج و شارۆچکەکانی گردوپەڕیشی کەتبووە دەستی ھێزەکانی سووری.

لە پاش ھێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوورو ڕۆژھەڵاتی سووریا ھێزەکانی سووریای دیموکرات داوای پشتگریی لە دیمەشقی کرد بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە لە کاتی دەرپەڕاندنی چەتەکانی داعش بە دەستی خۆیانەوە بوو.

لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکارا، ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەی فەرمی و بە ھاریکاریی تیرۆریستانی ھاوپەیمانی دەوڵەتەکەی لەوانە سوپای بەناو ئازاد، فەرمانی ھێرش کردنە سەر باکووری سووریای دەرکرد کە لە ئێستاش دا ھەر بەردەوامە.

کاربەدەستانی سووریا وێڕای ئیدانە کردنی ئەم ھێرشانە جەختیان کردووە کە سوورییەکان لە سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی خۆیان بەرەڤانی دەکەن . ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا لەگەڵ ئیدانە کرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە . سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەندین جار سنووری سووریای بەزاندووە.

سەرپەیڤ