دامەزرانی بنکەی سەربازیی لە لایەن تورکیاوە لە سەرێکانی
هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا دەستیان داوەتە دامەزراندنی بنکەی سەربازیی نوێ لە گوندی تەل ئاتەش لە دەوربەری سەرێکانی .
بە پێی راپۆرتی کورپرێس ، بە دوای کۆنتڕۆڵی بەتەواوەتیی شاری سەرێکانی لە لایەن هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا و هێزەکانی بەناو ئەرتەشی ئازادی سوریا، سەرچاوە خۆجێییەکان وتیان تورکیا دەستی داوەتە دامەزراندنی بنکەی سەربازیی نوێ لە گوندی تەل ئاتەش لە دەوربەری سەرێکانی .
بە پێی نووسینی هەواڵدەریی هاوارنیوز ، هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا بە گواستنەوەی کەلوپەل و چەکوچۆڵی قورس و نیوە قورسی خۆیان لە گوندی ئەسسەفها وە بۆ لادێکانی ئانیک ئەلهەوا و مەحمودیە هەڵکەوتوو لە ئەبوورەئس عەین لە سەرێکانی بۆ گوندی تەل ئاتەش و بنکەی سەربازییان لەم گوندە دامەزراندووە .
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەر لەوەش هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا لە رووبەرێکی هەزار میتری دا لە سەر کێڵگە و مەزراکانی سەرێکانی رۆنانی گەورەترین بنکەی ئاسمانیی ناوچەکەیان دەسپێکردبوو .