ئه‌یلوول 16, 2020 22:31 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی سووریا بەرامبەر بە وتەکانی ترەمپ لەمەڕ تیرۆر کردنی «بەشار ئەسەد»

وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند: دان نانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە بڕیاری تیرۆری «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا وا دەردەخات کە کۆشکی سپی بۆ گەییشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆی ھەمان شێوازی تاقمە تیرۆریستەکان دەگرێتە بەر.

«دۆناڵد ترەمپ» سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە وتووێژێکی حەوتەی ڕابردووی خۆی لەگەڵ «فەکس نیوز» وتی: بەتەما بووە «بەشار ئەسەد«ی سەرۆک کۆماری سووریا تیرۆر بکات، بەڵام «جەیمز ماتیس» وەزیری بەرەڤانیی پێشووی ئەمریکا ڕێی پێ گرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمی سووریا(سانا)، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە وتەکانی ترەمپ ڕایگەیاند: وتەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە تیرۆری ئەسەد، ئاستی لاساری لە بۆچوون و ھەڵس و کەوتی سوکی سیاسیی ئەو دەوڵەتە ئاشکرا دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا پێشی داگرت: وتەکانی ترەمپ دەربڕی سیستێمی جەردەیی ئەمریکایە کە بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی ھەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند: دان پیادانانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە بڕیاری تیرۆری سەرۆک کۆماری وڵاتێکی سەربەخۆ جەخت کردنەوەیەکە  لەسەر ئەم بابەتە گرینگەی کە دەوڵەتی ئەمریکا، دەوڵەتێکی لادەر و بەدەر لە بازنەی یاسایە کە بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە ھەمان شێوازی کوشت و بڕ و تیرۆری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی بە بێ گەڕانەوە بۆ شێوازە یاسایی و مرۆڤی و یان ئاکارییەکان گرتووەتە بەر.

سەرپەیڤ