ئه‌یلوول 17, 2020 15:15 Asia/Tehran
  • قەیرانی تازەی سووریا بە ھۆی سزای «قەیسەر»ی ترەمپەوە

وەزیری نەوتی سوریا رایگەیاند: بەهۆی ئەو سزایانەی کە ئەمریکا بەسەر دیمەشقدا سەپاندویەتی، قەیرانی سوتەمەنی و کەمی بەنزین لەم وڵاتەدا سەری هەڵداوە

وەزیری نەوتی سووریا ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا خەریکی چاک کردنەوەو بوواژندنەوەی ئەو پاڵاوگەیانەن کە لە ئەنجامی ھێرشی تیرۆریستان لەنێوبراون  کە دیارە ئەمەش ماوەیەکی پێ دەچێ و فریای چارەسەر کردنی کێشەی خەڵک مناکەوێت و لەولایشەوە سزای «قەیسەر»ی ئەمریکا ڕێ لە گەییشتنی سووتەمەنی بەم وڵاتە دەگرێت کە ئەمەش قەیرانەکەی کردووە بە دووھێندە.

«بەسام توما»، وەزیری نەوتی سوریا لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی جەختی لەوە کردووەتەوە کە، یاسای قەیسەر گەورەترین سزای ئەمریکایە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردن و، بەهۆیەوە هاوردەی سوتەمەنی لە وڵاتەکەی پەک خراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە، سزاکانی ئەمریکا هاوردەی بەنزینی وڵاتەکەی بە رێژەی لەسەدا ٣٥ دابەزاندووە، لە شارەکانی سوریا و بە تایبەتی دیمەشقی پایتەخت خەڵک دەبێت بە چەندین کاژێر لە ریزدا بمێنێتەوە بۆ کڕینی بەنزین لە وێستگەکانی سوتەمەنی.

وەزیری نەوتی سوریا باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا سەرقاڵی چاککردنەوەی پاڵاوگە لەکارکەوتوەکانی وڵاتەکەن، بەهۆیەوە دەتوانن لە چەند رۆژی داهاتودا ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین و گازۆیل لە بازارەکاندا بەرزبکەنەوە، بەڵام ناتوانن  کێشەی کەمیی سوتەمەنی بە تەواوەتی چارەسەر بکەن و ماوەیەکی زیاتری پێ دەچێت.

سەرپەیڤ