روحانی : هەرچەشنە گۆڕانێک لە سنوورەکانی ناوچە، پڕمەترسیە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پرسی ڕفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق و هەرچەشنە هەوڵێک لە بواری گۆڕینی سنوور و جوغرافیای وڵاتانی ناوچەکەی بە پڕمەترسی وەسف کرد .
حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنی ئانتۆنیۆ گوتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرۆکانی وڵاتانی ئەندامی کۆگەی گشتی ئەم ڕێکخراوەیە لە نیۆیۆرک بەڕێوە چوو ، هەموو جیهان لەوان نەتەوەیەکگرتووەکانی بە داکۆکی کردن و پاراستنی یاسای بنەڕەتی و سەروەری نیشتمانی ئێراق بانگهێشت و وتی : دەبێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناوچەکە بە دوای ڕێگەچارەی سیاسیەوە بن .
رۆحانی بەڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئێران بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناوچە وتیشی: بەرنامەی هەوڵی هاوبەشی ناڤۆکی دەتوانێ سەرچەشنێکی باش بۆ ئاشتی وسەقامی ناوچەکە و جیهان بێت و بەرپرسایەتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی و سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ داکۆکی کردن و بەهێزکردنی هەنگاوی هاوبەش بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەوانەی بەپێچەوانەی بەڵێنەکان هەنگاو هەڵدەگرن، زۆر گرینگە .
ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەم دیدارەدا به ئاماژەدان بە پرسی رفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق وێڕای داکۆکی کردن لە دەستوور و سەروەریی نیشتمانی ئەم وڵاتە وتی : پارچە پارچە کرانی ئێراق یان سوریا بە قازانجی ناوچەکە نییە و نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەی هاوکاری لەگەڵ ئێرانە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی وئاسایشی ناوچە.
گوتێرێش پێداگری کرد:چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئێستا لە سوریا و ئێراق لە پێناو پێ و شوێن گرتنی ڕێگەچارەی سیاسی و وتووێژی هەموو لایەنەکانە .
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هەروەها بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئێران بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر هەنگاوی هاوبەش جێ بەجێ کردووە لەسەر پێویستیی جێبەجێ کرانی تۆکمەوتەواوی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن هەموو لایەنەکان پێداگری کرد.