ئادار 20, 2018 18:04 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : تەواوی ھەوڵی بەرپرسان، تۆکمە کردنی ڕەوتی نیشتەجێ کردنی ھەمیشەیی خەڵکی گوندە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکانە بە زووترین کات

سەرۆک کۆماری ئێران لە سەروبەندی ساڵی تازەدا، سەردانی گوندی بوومەلەرزە بەرکەوتووی فەتاح بەگ لە شارستانی قەسری شیرینی پارێزگای کرماشانی کرد و لەنێو ئاپۆڕەی جەماوەری ئەو گوندەدا ڕایگەیاند: تەواوی ھەوڵی ئێمە تۆکمە کردنی ڕەوتی نیشتەجێ کردنی ھەمیشەیی خەڵکی گوندە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکانە بە زووترین کات.

بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی زانیاری گەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئەمڕۆ سێ شەممە لە سەردانەکەی بۆ ئاوایی بوومەلەرزە بەرکەوتووی فەتاح بەگ لە شارستانی قەسری شیرینی کرماشان، وێڕای چاوپێکەوت لەگەڵ جەماوەری ئەم ناوچەیەو وتووێژ لەگەڵیاندا لە نزیکەوە لە ڕەوتی بنیات نانەوەی ماڵ و قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانی خەڵک ئاگادار بووەوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە ئامادە بوون لە نێو کانێکسەکان و ماڵی گوندنشینانی ئەم ناوچەیە لە کەشێکی گەرم و گوڕو دۆستانەدا لەگەڵیاندا دەستی کرد بە قسەکردن و لە بارەی پێویستی و گرفتەکانیان ئاگادار بووەوەو فەرمانی پێویستی بۆ چارەسەریی ھەرچی خێراتری کەم و کوڕی و گرفتەکانیان بۆ بەرپرسانی ھاوپەیوەند دەر کرد.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی پاشان لەنێو کۆڕی جەماوەری گوندی فەتاح بەگ، وێڕای پیرۆزبایی کردنی ڕۆژەکانی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی تازە وتیشی: دەوڵەت و جەماوەری ئێران لە خەم و پەژارەی ئێوەدا ھاوبەشن و ئێوە بە تاقەت ھێنان و پشوودرێژیی خۆتان لەھەمبەر کارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزە کارێکی مەزنتان ئەنجام داوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی پێشی داگرت: دەبێ ماڵەکان پتەو بکرێنەوەو ڕادەی ئامادە بوون لە ھەمبەر کارەساتە سروشتییەکان پەرە پێ بدەین.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی:تەواوی ھەوڵی ئێمە تۆکمە کردنی ڕەوتی نیشتەجێ کردنی ھەمیشەیی خەڵکی گوندە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکانە بە زووترین کات و ئەوەش کە بتوانین دەستبەجێ شوێن و بینا ھەرەپێویستەکانی وەک دەرمانگەو قوتابخانە بۆ ئەم ناوچەگەلە دابین بکەین.

ڕۆحانی وتیشی: دەوڵەت بەو پەڕی تواناوە ھەتا کاتێک کە تەواوی ماڵەکانی خەڵک لە ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکان دروست دەکرێنەوە لە تەنیشتی ئێوەدا دەمێنێتەوە.

بوومەلەرزەیەک بە تەوژمی حەوت پۆیینت سێ ڕیختێر شەوی دووشەممە ١٢ی نوامبەری ٢٠١٧ ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژئاوای ئێران و بەتایبەت پارێزگای کرماشانی هەژاند. کە لە ئەنجامی ئەم بوومەلەرزەیە 483 کەس گیانیان لە دەست داو پتر لە دوانزە هەزارو کەسیش بریندار بوون . ئەم بوومەلەرزەیە زیانی بە حەوت شارستان و پتر لە هەزار گوندی پارێزگای کرماشان گەیاند.لەڕەوتی بوومەلەرزە حەوت پۆیینت سێ ڕیختێرییەکەی کرماشان دا نزیکەی سی هەزار ماڵ بەتەواوی خاپووربوونەو یان کەم و زۆر تووشی زیان هاتوون