چوار کوژراو و بیست بریندار لە ئاکامی ڕووداوەکەی لەندەن
سەرکردایەتی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی بەریتانیا بەپشت ڕاست کردنەوەی تیرۆریستی بوونی ڕووداوە ئاسایشیەکەی سەرلەئێوارەی چوارشەممەی لەندەن، وتی: لەو ڕووداوەدا لانیکەم چوار کەس کوژران و بیست کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆری کەناڵی بی بی سی؛ مارک رۆلی ، جێگری سەرکردایەتی پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا دوێشەو بەئاماژە بەوەی کە لێکۆڵینەوەی بەربڵاو لەبارەی هۆی ڕووداوە ئاسایشییەکەی لەندەن خەریکە ئەنجام دەگرێ، وتی: ئەو پەلامارە کاتێک دەستی پێکرد کە ئۆتۆمبیلێک لەسەر پردی وێست مینستەر لەنزیک بینای پەرلەمان خۆی کرد بەنێو خەڵکداو ژمارێک کەسی بریندار کرد.
مارک رۆلی وتی: لەنێو کەسانی بریندار سێ ئەفسەری پۆلیس هەبوون کە لەحاڵی گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەدا بوون.
جێگری سەرکردایەتی پۆلیسی لەندەن وتی: چوار کەس لەو ڕووداوە گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان ئەفسەری پۆلیس بوو کە لەپەرلەمان پاسەوانی دەکرد.
ناوبراو وتی: ئەو پیاوەی پێ دەچوو هێرشبەر بووبێ، بەزەبری گولـلەی پۆلیس کوژراو لانیکەم بیست کەسیش بریندار بوون.
ئەندامی باڵای پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاند: "ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین تەنیا کەسێک لەو ڕووداوەدا دەستی بووەو بەنیازین شوێنی ڕووداوەکەو دەورووبەری بەوردیی بپشکنین و بیخەینە ژێر چاوەدێری".