نیسان 05, 2020 16:28 Asia/Tehran
  • ژاپۆن 3.6 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدان کردنەوەی شنگال تەرخان دەکا

بەرنامەی نیشتەجێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە یارمەتییەکی دارایی نوێی حکومەتی ژاپۆن کرد کە بە بڕی 3.6 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی ژاپۆنەوە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بۆ بنیاتنانەوەی شارۆچکەی شنگال کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.

بەرنامەی نیشتەجێکردنی نەتەوە یەکگرووەکان رایگەیاندووە لەرێگەی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی هەرزان، یارمەتی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکانی دەستی داعش دەکات.

لەوبارەیەوە هاشیمۆتۆ ناوفۆمی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، ژاپۆن بڕیاریداوە 41 ملیۆن دۆلار یارمەتی دیکەی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکانی عێراق تەرخان بکات بەو پرۆژەشەوە کە بۆ شنگال راگەیاندراوە.

باڵیۆزی ژاپۆن رایگەیاند کۆی یارمەتییە داراییەکانی حکومەتی ژاپۆن بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووکانی عێراق لە ساڵی 2014 وە تاوەکو ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 540 ملیۆن دۆلار.

شارۆچکەی شنگال لە کاتی شەڕدا زیانێکی زۆر بە ژێرخانەکەی کەوت. ئەگەرچی شارۆچکەکە لە مانگی نۆڤەمبەری 2015 لە دەستی چەکدارانی داعش دەرهێنرا، بەڵام بەهۆی ئاوەداننەکردنەوەی، تائێستاش زۆربەی دانیشتووانەکەی لە کەمپەکان و سەرچیای شنگال دەژین.