زەریف: ئێران متمانەی بە ئەمریکا نییە
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی؛ بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥) لە سەر بنەمای متمانە دانەڕێژراوە و ئێرانیش متمانەی بە ئەمریکا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "محەممەد جەواد زەریف" شەوی پێنجشەممە لە توێژینگەی ئەمریکایی "ئەنجومەنی ئاسیا" لە نیۆیۆرک و لە وتووێژ لەگەڵ "چارلی ڕۆز" Charlie Rose پێشکەشکاری بەناوبانگی ئەمریکایی وتیشی: ئەمریکا ئێستا دەبێ بە راگەیاندنی بڕیاری خۆی سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥) بسەلمێنێ کە ئایا کۆمەڵگەی جیهانی دەتوانێ متمانە بە واشینگتۆن بکات یان ناتوانێ.
زەریف بە ئاماژە بەوەی کە ئێران هیچ پەیمانێکی نێودەوڵەتی بنپێ نەکردووە و پێویستی بە بەرتەسکی زیاتر نییە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێران چەک و کەرەستەی جەنگی بە سوودی قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی نازانێ و بێتوو ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥) بێتە دەرەوە بە پێی ڕەوشەکە بڕیاری پێویست دەدەین.
ناوبراو هەروەها سەرکوت کرانی ناڕازییان لە بەحرەین و کێشە و ناکۆکی نێوان قەتەر و عەرەبستانی بە ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەتی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین زانی و وتی: ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە پەیامی وتووێژە.
"محەممەد جەواد زەریف" هەروەها گشتپرسییەکەی ئەمدواییەی ناوچەی کوردستانی ئێراقی بە هەڵەیەکی گرینگی ستراتژیک لە قەڵەم دا و وتی؛ دواهاتە نالەبارەکانی ئەم هەڵە ستراتیژکە تەنیا هەر بە کوردستانی ئێراق بەرتەسک نابێتەوە.