رۆحانی : بەرژەوەندییەکانی بەرجام ناگەڕێنەوە دواوە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگری کردن لەسەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانی بەرنامەی تۆکمەی ناڤۆکی واتە بەرجام بۆ گەڕانەوە نابن، وتی : هیچ کەسێک لە جیهان لەوان سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانێ بەرجام بگەڕێنێتەوە دواوە.
حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لە ڕێ وڕەسمی دەستپێکرانی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای وڵات لە زانکۆی تاران وتی : ئەو کەسەی کە پەیمان بن پێ دەکات ، ئیعتباری خۆی بن پێ دەکات بەڵام ئێران ڕێگەی دروستی هەڵبژاردووە و لە سەر بەڵێنی خۆی وەستاوە .
روحانی بەرجامی بە سەرکەوتنی ئەخلاقیی ئێران لە بواری کەڵک وەرگرتن لە تەکنۆلۆژی ئاشتیانەی ناڤۆکی وەسف کرد و وتیشی : هەتا بەر لە بەرجام ، هەندێ کەس دەیانگوت چالاکی ناڤۆکیی ئێران نایاساییە و ئێران مافی پیتاندنی نییە بەڵام ئێستا ئەم تەکنۆلۆژییە لەباری مافەوانی و هەروەها بەبڕوای ڕێکخراوی نەتەوەکان تەکنۆلۆژیەکی ڕەوایە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگری کرد : ئەگەر وڵاتێک بیەوێ دەست درێژی بکاتە سەر ئێران ، کۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان لەبەرامبەری دا سەردەکەوێت .
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و تاقمی پێنج و یەک لە ژانیڤەری ساڵی 2016ەوە جێبەجێ کراوە بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەک یەکێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە هەموو کات لە جێبەجێ کردنی بەرجام بەڵێنی خۆی بن پێکردووە.