باڵوێزی ئێران لە فەڕانسە: بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) نەگۆڕە
باڵوێزی ئێران لە فەڕانسە جەختی کرد: بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) ڕێککەوتنێکی چەندلایەنەو جیهانییە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە پشت ڕاست کراوەتەوەو ناگۆڕدرێ و داوەری لەبەرچاوگیرانی بەڵێنی وڵاتان، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییە.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ سێ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، ئەبولقاسم دۆلفی باڵوێزی ئێران لە فەڕانسە لە جڤینی"ئێران و فەڕانسە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: دوو وڵاتی خەنیم یان دوو هاوپەیمانی ئاسایی؟" لە پاریس، بەئاماژە بەوەی کە لە جیهانی ئاڵۆزیی ئێستادا، حکومەتی ئەمریکا هەردەم بە بڕیاردانی سەیرو سەمەرەی، پەرە بە کێشەو گرفتەکان دەدات، وتی: بەرجام تەنیا سەبارەت بە پرسی ناڤۆکییەو گشت پرسەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرجامەوە نییەو کاروبارەکان بەتەواوەتی لێک جیاکراونەتەوە.
دۆلفی بەئاماژە بەوەی کە ئەگەر ئوروپا یان گشت وڵاتان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەیی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ویان توانای بەرگریی ئێران پرسیارێکیان هەبێت، ئەوە بابەتێکی تەواو جیایەو هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە نییە، وتی: ئێرانیش نیگەرانیی ئاسایشیی جیددی هەیەو زۆربەی دراوسێکانی کۆماری ئیسلامیی و وڵاتانی ناوچە لەوان ئەفغانستان، ئێراق، بەحرەین، سووریاو یەمەن بەرەوڕووی شەڕن.
باڵوێزی تاران لە پاریس هەروەها بە بیرخستنەوەی بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەیی ئێران لەناوچە، وتی: گشت بوودجەی بەرەڤانیی ئێران کە ٨٠ملوێن حەشیمەتیەتی، نزیک بە١٢ملیارد دۆلارە ئەوە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەسەفەر بۆ عەرەبستان، بڕی نزیک بە٤٠٠ملیارد دۆلار چەکەمەنی بەو وڵاتە دەفرۆشێ و کەس نەیارەتی ناکا.
دۆلفی بەئاماژە بەوەی کە رژیمی زایۆنیش تەیارکراو بە چەکی ناڤۆکییەو هیچ کۆنترۆڵێکی نێودەوڵەتی قەبووڵ ناکات، پێی داگرت: لەوەها بارودۆخێکدا و بەهۆی ئەزموونی شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵان کە هەموو وڵاتانی جیهان لایەنگری سەددام- دیکتاتۆری لەناوبراوی ئێراق -بوون و هەموو خاکی ئێران لەبەر پەلاماریی مووشەکیی رژیمی بەعسدا بوو، بەهێزکرانی توانای بەرگریی مووشەکیی ئێران، پرسێکی گرینگە.