قاسمی: ڕێگاچارەی گرفتەکانی ناوچە، پەیڕەوی نەکردن لە سیاسەتەکانی رژیمی زایۆنیستییە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کێشەکانی ئێستای ناوچەی گەڕاندەوە بۆ ئەنجامی سیاسەتی نەزۆکی عەرەبستان و پێی داگرت: ڕێگاچارەی ئەو گرفتانە، پەیڕەوی نەکردن لە سیاسەتەکانی رژیمی زایۆنیستی، کۆتایی هێنان بە زۆرداریی وزۆربێژی، یارمەتی نەدان بە تیرۆریزم و قەبووڵ کردنی داوای نەتەوەکان و حکومەتانی ناوچەیە.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لەکاردانەوە بە بەیاننامەی کۆتایی دانیشتنی کۆمکاری عەرەب لەقاهیرە، وتی: عەرەبستان لەجێ بەجێ کردنی سیاسەتەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆ قووڵ کردنەوەی کێشەو ناکۆکییە ناوچەییەکان و بەلاڕێدابردنی نەتەوەکان و حکومەتە ئیسلامییەکان لە پرسی درێژەی داگیرکرانی فەلەستین وەک پرسی سەرەکیی ئۆممەتی ئیسلامی، بە سەپاندنی گوشار و چەواشەکاریی بەرفراوانی سیاسی و پڕووپاگەندەیی توانی، بەیاننامەیەکی تەواو درۆیین و گۆڕدراو بەناوی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەب دەربکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: سەعوودییەکان بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو چەشنە بەیاننامانە، هەرچی خێراتر کۆتایی بێنن بە هێرشی دڕندانەو هۆڤانەیان لەدژ هاووڵاتیانی عەرەبی خۆیان لە یەمەن هەتا منداڵان و کەسانی سیڤیلی یەمەنی بەو جۆرە نەکەونە داوی شەڕخوازیی ئەوان.
ناوبراو وتیشی: ئێران داوا لە عەرەبستان دەکا، کۆتایی بێنێ بەسیاسەتی گوشارخستنەسەر لوبنان و قەتەر وگشت ناوچەکەو بەکۆتایی هێنان بە لەشکرکێشی لە بەحرەین ڕێگەبدات خەڵکی ئەو وڵاتە پێکەوە وتووێژ بکەن و بگەنە ڕێکاڕێکی ئاشتیانە بۆ چارەسەریی قەیرانی ئێستای وڵاتەکەیان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سیاسەتی تارانی داڕێژراو لەسەر بنەمای پەیوەندیی شیاو لەگەڵ وڵاتانی ناوچە، بەرەنگاربوونەوەی بەرفراوانی تیرۆریزم، هەوڵدان بۆ چارەسەریی قەیرانەکان و گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقام بۆ ناوچە ناوبردو وتی: بەداخەوە ئەو هەوڵانە بەهۆی سیاسەتی تاوپێدانی ناکۆکییەکان، بەرەوڕووی شەڕ وپێکدادان و تەگەرەنانەوەی عەرەبستانی سەعوودی، بووەو بەئاکام گەیشتنی بەتەواوەتی، دواکەوتووە.
دانیشتنی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەب دوێنێ یەکشەممە لەسەر داوای عەرەبستان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوە چوو.
لەو دانیشتنەدا، بەیاننامەیەکی پڕلەبانگەشەی پڕووپووچ و دووپات کراوە دژ بە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان دەرکرا.