پەیامی پیرۆزبایی رۆحانی لەسەرانی وڵاتانی ئیسلامی بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری نازداری ئیسلام(د.خ)
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپەیامی جیاجیادا بەبۆنەی ساڵهاتی لەدایکبوونی پڕشانازی حەزرەتی محەممەد(د.خ) -گەوهەری ئەخلاق و مرۆڤایەتی وپێغەمبەری ڕەحمەت و شەفەقەتی لە سەرانی وڵاتانی ئیسلامی پیرۆزبایی کرد.
بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماریی، حوججەتولئیسلام وەلموسلمین حەسەن ڕۆحانی ئەمڕۆ سێ شەممە لەو پەیامانەدا هیوای خواست؛ پەیوەندییەکانی یەکێتی و برایەتی نێوان نەتەوە موسڵمانەکان بەپاڵپشتی شێوازی خودان ڕێزی حەزرەتی محەممەد(د.خ)، بەسوود وەرگرتن لە ئامۆژگارییە پاوەجێکانی کتێبی ئاسمانیی قورئانی پیرۆز و بەهەوڵی چەندهێندەی سەرانی وڵاتانی ئیسلامی، پتەوتر لەڕابردوو بکرێ.
حەسەن ڕۆحانی بەپێداگری لەسەر ریسالەتی گرینگی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ناسین و بەرەنگاربوونەوەی بیروهزرە تەکفیرییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی لێک نزیکبوونەوە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و توندڕەویی خوازی، وتی: ئۆممەتی ئیسلامی بەیەکڕیزی وهاودەنگی و پشت بەستن بە ئایەتی«واعتصموا بحبل الله» دەبێ برەوپێدەری دادگەری، ئاشتی، هێمنی و سەقام لە وڵاتانی ئیسلامی و سەرانسەری جیهان بن.
ئیسحاق جەهانگیری یاریدەری یەکەمی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە پەیامێکی بۆ هاوشانەکانی لە وڵاتانی ئیسلامی وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری نازدار(د.خ) هیوای دەربڕی، لەسای بەرەکەتی ئەو میلادە پڕشانازییە شایەتی پتەوکرانی پەیوەندییەکانی وەحدەت و برایەتی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامی و پەرەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی ئاشتی لەسەرانسەری جیهاندا بین.
سبەی چوارشەممە١٧ی رەبیعولئەوەلی ساڵی١٤٣٩ی کۆچی مانگی، ڕێککەوتی شەشی دیسەمبەری٢٠١٧، ساڵڕۆژی پڕپیت و بەرەکەتی لەدایکبوونی حەزرەتی محەممەدی مستەفا(د.خ)-پێغەمبەری نازداری ئیسلام و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پڕخێروبێری شەشەمین ئەستێرەی درەوشاوەی ئیمامەت و وەلایەت، حەزرەتی ئیمام جەعفەری سادق(ع)ـە.