رۆحانی: بڕیاری ترەمپ لەدژ قودس، بەشێکە لە پیلانی زایۆنی و ئەمریکییەکان لەدژ جیهانی ئیسلام
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای بەڕوودارانەو نایاسایی زانینی بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە بۆ قودس، وتی: ئەو گەڵاڵەیە، بەشێکە لە پیلانی زایۆنی و ئەمریکییەکان دژ بە جیهانی ئیسلام.
حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، لە فڕۆکەخانەی مێهراباد بەر لە وەڕێکەوتن بەرەو تورکیا لەوتووێژ لەگەڵ پەیامنێراندا وتی: بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دەسپێکی کێشەیەکی نوێ لەناوچەدا دەبێ و ئەگەر موسڵمانان، یەکڕیزی ویەکگرتوویی خۆیان بپارێزن و لەهەمبەر ئەو بڕیارەدا ڕابوەستن، سەرکەوتنێکی مەزن دەبێ بۆ موسڵمانان و فەلەستینیەکان.
رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە فەلەستین، پرسی یەکەمی موسڵمانانی جیهانە، وتی: ئەمڕۆ ڕێگایەک جگە لە وەحدەت و یەکگرتوویی و یەکدەنگی بۆ موسڵمانان لەئارادا نییەو هەمووان دەبێ یەکدەنگ لەهەمبەر بڕیاری هەڵەی ئەمریکادا ڕابوەستن و شەرمەزاری بکەن.
رۆحانی وتیشی: قودس سەرزەوین و شارێکە کە هی موسڵمانان، مەسیحییەکان ویەهوودییانەو ئەوە زایۆنیستیەکانن کە لەو شارە نامۆ و غەریبن.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شیکردنەوەی بەرنامەو ئامانجەکانی سەفەرەکەی بۆ تورکیا وتی: ئەو سەفەرە لەسەر بانگهێشتنی سەرۆک کۆماری تورکیا کە سەرۆکایەتییەکەی لەئەستۆی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامییەو بۆ بەشداربوون لە دانیشتنی نائاسایی سەرانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی ئەنجام دەگرێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشداربوون و وتاردان لە کۆبوونەوە لوتکەییەکانی سەران و بەرپرسانی باڵای پەنجاو حەوت وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی سەبارەت بە قودسی پیرۆز، سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە بەرەو ئەستەمووڵی تورکیا کەوتەڕێ.