رۆحانی: ئێران خوازیاری عێراقێکی یەکپارچەیە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شکستی پیلانی دوژمنان بۆ دووبەرەکی نانەوە لەنێو خەڵکی عێراقی بەگرینگ لێکدایەوەو وتی: ئێران هەردەم خوازیاری عێراقێکی یەکپارچەو نەگۆڕانی سنووری جوگرافیایی وڵاتانی ناوچەیە.
حەسەن رۆحانی رۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ سەلیم عەبدوڵڵا جبوری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەتاران بەئاماژە بەوەی کە دەوڵەت و میللەتی ئێران هەردەم لەتەنیشت حکومەت و گەلی عێراقن، هیوای خواست: گەلی عێراق بەئامادەبوونی بەرفراوانی خۆی لە هەڵبژاردنە ئازادەکان، سەرکەوتنێکی دیکە لە گەلسالاری لەو وڵاتە بەدەست بێنێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ جیهانی ئیسلام لەگەڵ گیروگرفت و پرس و بابەتی فراوان بەرەوڕوویە، وتی: هیچ ڕێگایەک جگە لە هاوکاری و یارمەتیدانی یەکتری بۆ چارەسەریی ئەو کێشەو گرفتانە لەئارادانییە، بۆیە وتووێژەکان، هاوفکرییەکان و هاواهەنگیی وڵاتانی ئیسلامی لەئاستی جۆربەجۆردا دەبێ بەردەوام بێت.
رۆحانی هەروەها پەرەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراقی وەک وڵاتێکی مەزن و کارتێکەر لەناوچە بەگرینگ زانی و پێی داگرت: دەبێ بەهەوڵ و کۆششی زیاتر لەئاراستەی گەشەپێدان، بەهێزکردن و پتەوکردنی هەمەلایەنەی پەیوەندیی و هاوکارییە دوو قۆڵییەکان هەوڵ بدرێ.
سەلیم جەبوریش لەو دیدارەدا بەئاماژە بەوەی کە جیهانی ئیسلام بەرەوڕووی پرس و بابەتی دڵتەزێنەو هیچ ڕێگایەک جگە لە تەعامولی سازندەو هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئیسلامی بۆ چارەسەریی کێشەکان لەئارادانییە، وتی: ئێران لەچارەسەریی پرس و گرفتەکانی ناوچە، دەورێکی سازندەو ئەرێنی دەبینێ.
جەبوری بەئاماژە بە سەرکەوتنەکانی عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم کە بەپاڵپشتی ویارمەتییەکانی ئێران بەدەست هات، وتی: بەغدا خوازیاری درێژەی یارمەتییەکان و داکۆکییەکانی تاران لەئاراستەی سەقام و سازندەیی عێراقە.